خەڵکی ئێران بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بە لێشاو کۆچ بۆ وڵاتانی ئورووپایی دەکەن.
بەهرام سەڵەواتی بەڕێوەبەری چاوەدێریی کۆچ و کۆچبەرانی ئێران ڕایگەیاند کە دۆخی ئێرانی خەریکە دەبێتە هاوشێوەی وێنێزوئێلا ، شەپۆلی کۆچی جەماوەریی چین وتوێژە جۆراوجۆرەکان لە ئێستادا بە هۆی بارودۆخی نالەبار و داڕماوی ئابووریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئاسایشی ژیان بە گشتیی لە ئێراندا سەرەڕای ناڕوونیی چارەنووسیان مەترسیدارە.
ناوبراو لە درێژەی ئەو بابەتەدا وتی: هەرچەند کە پێشتر، زۆرتر چاو لەسەر کەسە تایبەتەکان وەکوو، هونەرمەندان، نووسەران، وەرزشوانان، خوێندکاران و شارەزایان بوو، بەڵام هەنووکە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە تووشی کۆچبەریی دەبن.
هەروەها سەڵەواتی لە درێژەدا گوتی: لەوانەیە لە ئێستادا و لەبەر هەندێ هۆکاری جۆراوجۆر کۆچکردن لە ئێران بەشیوەیەکی زۆر بەربڵاو و دیار نەبێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا ئەمە دەبیتە زەنگێکی مەترسیدار بۆ کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی ئێران.