نەسرولڵا، بە ئاماژە بە کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆککۆماریی”دۆناڵد ترامپ” لە ئەمریکا دەڵێ: دەبێ زۆر وریا بین و ئاگاداری خۆمان بین.
حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، لە وتوویژێکدا لە گەڵ کاناڵی هەواڵدەریی “ئەلمەیادین” دەڵێ: لەم کاتەدا نابێ نەیارانی ئەمریکا و ئیسرائیل بیانوو بدەنە دەستی ئەو دەوڵەتانە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان و دەبێ زۆر بە وریاییەوە بجووڵێینەوە.
نەسرولڵا لە دریژەی وتووێژەکەیدا دەڵێ: کاتی خۆی کە وێنەی “قاسم سولەیمانی” لە گوڤارێکی ئەمریکاییدا بڵاو بووەوە من هوشدارم بە سولەیمانیدا و پێم گوت کە ئاگات لە خۆت بێ، هەروەها حەسەن نەسروڵڵا دەڵێ: لە شەڕی ٣٣ ڕۆژەدا کە بوو بە هۆی ڕووخانی ٢٠٠هەزار خانوو قاسم سولەیمانی بەرپرسی سپای قودس لە داهاتی ئێران یارمەتییەکی زۆری ئێمەی داوە و ئێمە لە راستیدا بەشێکین لە ئێران و بوودجەی حیزبوڵا بە تەواوەتی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دابین دەکرێ، بۆیە بە فەرمانی ڕێژیمی ئێران ئامادەین هەموو کردەوەیەک و چالاکییەک بە دژی دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕیوەبەرین.
شایانی باسە کە لە درێژەی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و بەتایبەتی لە عێراق، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڕەشەی توندیان لە ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە کردووە و بەشیک لە کارناسان و شرۆڤەکارانی سیاسیی پێیانوایە کە ئەگەری زۆری هەیە کە هەڵەیەکی ئەو ڕێژیمە و میلیشیاکانی عێراق و لوبنان ببێتە هۆی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە.
لەم ڕۆژانەدا ئیسماییل قائانی، فەرماندەی سپای قودسی رێژیمی ئێران، سەردانی عێراقی کردووە و داوای لە هەموو گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمەی کردووە کە هیچ جموجووڵێک بە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە ئیستادا نەکەن و هەموو چالاکییەکانیان تاکاتێکی نادیار ڕابگرن. بەڵام هاوکات پێیانی ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئامادەی وڵامدانەوە بن.
هەر لە درێژەی جموجۆڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بە پێی هەواڵە نافەرمییەکان سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران، ژێردەریاییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتوونەتە کەنداوی فارس.












