لە نامەیەکدا لە لایەن ١٦٧ کەس لە دەرمانسازانی ئێرانی بۆ “محەممەد ڕزا شانەساز” بەرپرسی ڕێکخراوی خوراک و دەرمانی ئێران، دەڵێن بە چ ڕوویەکەوە بانگەشەی بەرهەمهێنانی پێکوتەی کۆرۆنا دەکەین.
ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، ١٦٧ کەس لە دەرمانسازەکانی ئێران بە نووسینی نامەیەک بۆ “محەممەد ڕەزا شانەساز” بەرپرسی خوراک و دەرمانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن: بانگەشەکردنی بەرهەمهێنانی پێکوتەی کۆرۆنا زیاتر لە گاڵتەوە نزیکە و بە ئاماژە بە دەسپێکردنی هەڵمەتی کوتانی پێکوتەی دژە کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتەکان و لە نەبوونی ڕێکار و بەرنامەیەکی گونجاو بۆ دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنا لە ئێراندا ڕەخنەی توندیان لە بەر پرسانی ئێرانی گرت.
نووسەرانی ئەم نامەیە داوایان لە ڕێکخراوی خوراک و دەرمانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە لە کاتی خۆیدا دەست بە کڕین و هاوەردەکردنی پێکوتەی کۆرۆنا بکەن و پێش لە کارەساتێکی مرۆیی لە ئێران بگرن.
لە بەشێک لەم نامەیەدا دەرمانسازەکان ڕەخنەی توند لە کەسانی ناشارەزا لە بواری دەرمانسازیدا دەگرن و دەڵێن: بڵاوکردنەوەی بانگەشەی نازانستیانە لە لایەن کەسانی ناشارەزا لە بواری دەرمانسازیدا و لێدوانی دوور لە ڕاستی لە میدیا فەرمییەکانی ئێران، لە هەمبەر بەرهەمهێنانی پێکوتەی نێوخۆیی کۆرۆنا بردنە ژێر پرسیاری پسپۆڕی و زانیاریی دەرمانسازە پسپۆڕەکانە و گاڵتە کردنە بە هەست و ئاوەزی خەڵک و بیانوویەکە بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئێران پێکوتەی کۆرۆنا نەکڕن و هاوردەی نەکەن.
شایانی باسەکە دەرمانسازەکان لە نامەکەیاندا بۆ بەرپرسی خۆراک و دەرمانی ئێران دەڵێن: دروشمی “بەرهەمهێنانی پێکوتەی ئێرانی” لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە دروشمێکی گەورە و خەیاڵی دوور لە ڕاستییە و نابێ ئێزن بدەین بەرهەمهێنانی پێکوتەیەکی زانستی کە گیانی مرۆڤایەتی لە مردن ڕزگار دەکا ببێتە گاڵتەجاڕی بەرپرسانی ئێران.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە، ئێمە کە ناتوانین ئەم پێکوتەیە لە دەرەوە بکڕین و هاوردەی نێوخۆی بکەین چۆن دەتوانین پێکوتەی دژە کۆرۆنا بۆ ٨٠ میلیۆن ئێرانی بەرهەم بهێنین.