جەیمز جێفری” نێردراوی تایبەتی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریە، پشتیوانی خۆی لە هێزەکانی دێموکراتیکی سووریە بۆ وتووێژ لەگەڵ دەمێشق بە مەبەستی پێکهێنانی ” خودموختاری” و پاراستنی هێزێکی چەکداری سەربەخۆ لە ئەرتەشی سووریە ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵی “شەرقولئەوسەت” بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەچڕی چاوەدێری جموجۆڵی هێزە چەکدارەکانی تورکیە لە فورات و قسەکانی بەرپرسانی ئانکارا دەکا و ئاڵۆزییەکانی فورات زیاتر ناوچەییە و ستراتژیک نییە.
هەر وەها “جەیمز جێفری” لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ڕوو بە هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی:” یەکەم، نابێ بە هێچ شێوەیەک بهێڵن تانکێڕە نەوتییەکان بگاتە دەمێشق و دووهەم، نابێ وەک هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ دا گشتپرسی ئەنجام بدرێ و کارەساتی لێبکەوێتەوە سێهەم، دەبێ پێوەندییەکانیان لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان بپچڕێنن و چوارەم، بە هیچ شێوەیەک هێرش نەکەنە سەر خاکی تورکیە و هەروەها وتی: کە پێویستە کوردەکان لەگەڵ دەمێشق بۆ دەستەبەرکردنی خودموختاری سیاسی لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە، لەگەڵ پاراستنی مانەوەی هێزەکانی دێموکراتیکی سووریە وەک هێزێکی چەکداری سەربەخۆ لە لایەن ئەرتەشی سووریە، وتووێژ بکەن”.