بە ئاشکرا بوونی ویزای ئێرانی بۆ بەرپرسانی باڵای ڕێکخراوی تاڵبان، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی سەرەکیی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانە.
ئاشکرا بوونی وێنەی ویزای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر پاسپۆرتی” محەممەد وەلی” یەکێک لە ڕێبەرە ناسراوەکانی ڕێکخراوی تاڵبان، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی ئێران جیاواز لەوەیکە بنکەگەلێک بۆ ڕاهێنانی ئەو گرووپە دابین دەکا، ویزای وڵاتی ئێرانیش دەدا بە بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوەیە.
ئەم بەڵگەیە بۆ بە درۆ خستنەوەی “محەممەد جەواد زەریف’ کە دەڵێ: ئاگامان لێ نییە بەرپرسانی تاڵبان لە شارەکانی مەشهەد و زاهێدان ژیان دەکەن، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە.
شایانی باسە کە پێشتر “محەممەد جەواد زەریف”، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە گەڵ کاناڵی ” تلووع نیوز” لە وڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکەدا کە دەڵێ: بەرپرسانی تاڵبان هاتوچۆی وڵاتی ئێران بە تایبەتی شارەکانی مەشهەد و زاهێدان دەکەن؟ زەریف لە وڵامدا دەڵێ: ئێمەش بیستوومانە بەڵام ئاگامان لێی نییە.
ئەمەیکە زەریف دەڵێ: ئاگامان لە هاتووچۆی بەرپرسانی ڕێکخراوی تاڵبان بۆ ئێران نێیە درۆیەکیی حاشا هەڵنەگرە و ڕێژیمی ئێران جیاواز لەوەیکە پشتیوانی لە تاڵبان دەکا، ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی بەرپرسەکانیان لە ئیرانیشدا دەکا و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە دەر دەکەوێ کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی سەرەکیی رێکخراوە تێرۆریستەکانە لە جیهاندا.