بەدوای نوقمبوونی کەشتییەکی ئێرانی لە باشووری کەناراوەکانی لارک ٧ کەس لە کارمەندانی کەشتییەکە چارەنووسیان ناڕوونە.
بەرپرسانی بەندرەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە کەشتییەک بە ناوی”لندینگ کرافت خارەزم” ڕۆژی هەینی ٥ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە باشووری کەناراوەکانی لارک تووشی ڕووداو بووە و نوقم بووە و لە ئیستادا چارەنووسی ٧کەس لە کارمەندانی کەشتییەکە ناروونە.
ئیسماییل مەکیزادە، جێگری دەریایی ئیدارەی گشتی بەندەرەکانی هۆرمۆزگان وتی: کاتژمێر ٦ و ٣٠ی خوڵەکی ڕۆژی هەینی پەیامێکمان سەبارەت بە دۆخی خراپی کەشتییەک بە ناوی”لندینگ کرافت خارەزم” لە باشووری کەناراوەکانی لارک پێگەیشتووە کە داوای یارمەتییان لێکردووین.
ناوبراو لەم پێوەندییەدا دەلێ: خێرا و بە دوای گەیشتنی پەیامی یارمەتی کەشتییەکە ئێمە کەشتییەکمان بە ناوی”ناجی ١٢” لە دورگەی قشمەوە ناردوەتە شوێنی ڕووداوەکە و گەڕانمان بە دوای کارمەندەکانی ئەو کەشتییە دەستپێکردووە.
مەکیزادە هەروەها ڕایگەیاند کە داوامان لە وڵاتانی” عەممان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و پاکستان” کردووە کە لە دۆزینەوەی ئەو ٧ کەسە کە کارمەندانی کەشتییەکە بوون یارمەتیمان بکەن.
هەواڵدەرییەکان باس لەوە دەکەن کە لەو ٧ کارمەندەی کەشتییەکە کە چارەنووسیان ناڕوونە ٦ کەسیان ئێرانین و ١ کەسی دیکەشیان خەڵکی هێندوستانە.