شاکر بێهرووزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ کە پێشترحوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە دادگایەکی دیکەدا جارێکی تر حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، شاکر بێهرووزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی” ورمێ” کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە، لە لایەن دادگای تاوانەکانی ورمێ بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران حوکمی دووجار سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
دانیشتنی دادگای ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، بەڕێوە چووە و ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانبار بە فەرمیی حوکمەکەی پێڕاگەیەندراوە
سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر ناوبراو لە کاتێکدایە کە، ئەو هاووڵاتییە کوردە خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر “شەیخلوو” بە تۆمەتی “شەڕی چەکداری بە دژی ڕێژیم” و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئیعدام حوکم درا.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بێهرووزی لەوبارەوە پێشتر بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو کە، شاکر ماوەی یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و ناچاریان کردووە دان بە تاوانێکدا بنێ کە نەیکردووە.