کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای قودس و سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا لە دژی ڕێژیمی ئێران، کوژرانی فەخریزادە، ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان و کۆرۆنا ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، کردۆتە پڕکارەساتترین ساڵ بۆ رێژیمی ئێران.
بێ هیچ شک و گومانێک دەتوانین ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، وەکوو خراپترین ساڵ بۆ ڕێژیمی ئێران ناو دێر بکەین، هۆکارەکەشی سیاسەتی” ئەوپەڕی گوشاری” دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، کە بوو بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و هەروەها کوشتنی “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی سەربازیی و بەرپرسی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران و گەورەترین تێرۆریستی ناوچەکە و جیهان و بە دوای ئەوەشدا کوشتنی “موحسێن فەخریزادە” بەرپرسی بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران و چەندین ڕوداو و هۆکاری دیکە، لەوانە کۆرۆنا و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران.
بەدوای هاتنە دەرەوەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام لە ساڵی٢٠١٨دا و پێڕەو کردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار، زەربەیەکی قورس لە ئابووریی ئێران درا، بە جۆرێک کە جومگە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە تووشی داڕمانێکی بەرچاو بۆتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە گۆڤاری”فاریەن پاڵیسی” هاتووە کە زۆربەی کارناسانی بواری ئابووریی لە سەر ئەو باوەڕەن کە سیاسەتی ئەو پەڕی گوشاری دەوڵەتی ترامپ، ئابووری ڕێژیمی ئێرانی تووشی داڕمان کردووە.
شایانی باسە کە دەوڵەتی ئەمریکا لە ئیستادا دەڵێ: تاکوو ڕێژیمی ئێران نەگەڕێتەوە سەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی بەرجام و هەموو بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکا، سیاسەتی ئەو پەڕی گوشار لە دژی رێژیمی ئێران بەردەوامە و هەر بۆیە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی بۆ ڕێژیمی ئێران ساڵێکی پڕکارەسات بووە.