مەجید سوڵتانی، بەرپرسی شۆرای شاری چەمران سەر بە ماهشەهر بە هۆی دزی و گەندەڵییەوە دەسبەسەر کرا.
لە کاتێکدا کە جێگری پارێزگاری خووزستان هۆکاری دەسبەسەرکرانی بەرپرسی شۆرای شاری “چەمران”ی، گیرانی ئاوەڕۆی ئەم دواییانەی ئەو شارە ڕاگەیاند، هەواڵدەریی فارس ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی،هۆکاری دەسبەسەرکرانی بەرپرسی شۆرای ئەو شارەی دزی و گەندەڵیی ڕاگەیاند.
علی حوسێن حوسێنزادە، جێگری سیاسیی و کۆمەڵایەتی پارێزگاری خووزستان وتی: بە هۆی گیرانی ئاوەڕۆی ئەو شارە و هەندێک پرسیار بەرپرسی شۆرای شاری چەمرانمان دەسبەسەر کردووە.
هەواڵدەریی “ئیرنا” پێشتر ڕایگەیاندبوو کە فەرمانداری ماهشەهر و شارەداری بەندەر ئیمام و بەرپرسی ئابفای بەندەر ئیمام، بە هۆی گەندەڵییەوە دەسبەسەر کراون.
هەرلەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی فارس لە زاری بەرپرسێکی ئاگادار، هۆکاری دەسبەسەر کرانی بەرپرسی شۆرای شاری چەمرانی، دزی و گەندەڵی ناوبرد.
شایانی باسە کە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی مانگی ڕابردوو”موحسێن بیرانوەند” فەرمانداری ماهشەهر و یەکێک لەو کەسانەی کە لە کوشتنی خەڵکی بێ تاوان لە ناڕەزایەتییەکاندا بە تایبەت لە نەیزارەکانی ماهشەهردا دەوری هەبووە، بە هۆی گەندەڵی و دزییەوە دەسبەسەر کرابوو.
پێویستە بگوتری کە لە کاتێکدا کە خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی ئێران، ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن، بەرپرسانی دز و گەندەڵی ڕێژیمی ئێران سەروەت و سامانی خەڵکی دەدزن وبە تالانی دەبەن و ڕێژیمی ئێران بۆ چەواشەکردنی ڕاستییەکان، ناوەناوە بەرپرسێکی ڕێژیم دەکاتە مۆرەی سووتاو و بە هۆکاری دزی و گەندەڵی دەسبەسەری دەکا.