مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارەی هەینی ٥ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، بە میلیشاچەکدارەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر دەستێوەردان و کردوە تێکدەرانەکانیان لە عێراق هۆشداریی دا، کە ئەگەر پێویست بکات ڕێکاری توندتر دەگرنە بەر بۆ ئەوەی چیدیکە هەڕەشە و کردەوەکانیان ئاسایشی وڵاتەیان تێک نەدا.
بەپێی سەرچاوەکانی ڕاگەیاندنی عێراقی، گردبوونەوەی چەکدارانەی میلیشاچەکدارەکانی “عەسائیبی ئەهلیحەق” کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن و هەڕەشەیان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە لە بەغدا، سەرۆک وەزیرانی عێراقی تووڕە کردووە.
مستەفا کازمی لە هۆشدارێک بە گرووپە چەکدارەکانی سەر بەڕێژیمی تاران، گوتی: ئاسایشی عێراق بەرپرسایەتی لە ئەستۆی ئێمەیە و ڕادەستی هەنگاوە سەرەڕۆیی و پڕوپووچەکانی ئێوەی ناکەین، تا ئێستا بە هێمنی بۆ متمانەی خەڵک و نوێکردنەوەی هێزەئەمنییەکان و دەوڵەت کارمان کردووە و ناهێڵێن بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران، وڵاتەکەمان ببێتە شوێنی ئاژاوەگێڕیی گرووپە میلیشیاکان و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو کردەوانەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو گرووپانە دەدەین.
کاناڵی ئەلعەربییە ڕایگەیاندووە کە، ٦کەس لە هێزەچەکدارەکانی “عەسائیبی ئەهلی حەق” دەسبەسەرکراون و ئەو گردبوونەوەیە بۆ ئازاد کردنی ئەو چەکدارانە بەڕێوە چووە و ئەو گرووپەش سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبییە، ئەو کەسانەی کە دەسبەسەر کراون پێوەندییان بە هێرشە مووشەکیەکەی ڕۆژی یەکشەممەوە هەبووە کە کراوەتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و ناوچەی سەوزی ئەمنییەتی بەغدا.
هەر لەم بارەوە مستەفا کازمی لە تویتێری تایبەتیی خۆی لەسەر گرینگیی ئاسایشی عێراق نووسیویەتی: ئێمە زیاتر متمانەمان بە دەزگاکانی ئەمنییەت و پاراستنی عێراق و ئاسایشی وڵاتەکەشمان هێزە ئەمنییەکانی وڵات دەیپارێزن بۆیە هیچ پێویستمان بەو گرووپە چەکدارەکانە نییە.
لە لایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر،( ڕێبەری گرووپی سەدر) لە تویتێکدا داوای لە ئەمریکا و ئێرانیش کردووە عێراق بۆ عێراقییەکان بە جێبهێڵن و چیدیکە دەستێوەردان لە کاروباری سیاسیی و ئاسایشیی ئەو وڵاتەدا نەکەن.