ژنێکی عەرەب لە بەندیخانەی ئەهواز لە بەر پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە بەهۆی نەخۆشیی گیانی لە دەستدا.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ژنێکی عەرەب خەڵکی ئەهواز بە ناوی “مەکیە نەییێسی” تەمەن ٣٦ ساڵ، کە زیاتر لە ٢ ساڵ بوو لە زیندان دابوو بەهۆی نەخۆشی و بارودۆخی خراپی جەستەیی، و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی بەندیخانە بە داواکاریەکانی و ڕاگواستن بۆ نەخۆشخانە و نەبوونی چاودێریی پزیشکیی، گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرانوایێر، “مەکیە نەییێسی” بەهۆی نەخۆشییەکەی بۆ بەندی قەرەنتینەی زیندانی سپیداری ئەهواز گوازرابۆوە و لە بەر ئەوەی کە لەوێش بەرپرسانی زیندان هیچ خزمەتگوزاییەکی پزیشکییان بۆ دابین نەکرد و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو زیندانە بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی ناوبراو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕایگەیاند کە “مەکیە نەییێسی” لەو کاتەوە کە بۆ بەندی قەرەنتینە گوازرابۆوە لە بەر ئێش و ژانی زۆری خۆی دەیناڵاند و بە دەیان جار داوای لە بەرپرسانی بەندەکەی کردبوو بۆ چارەسەریی پزیشکیی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندانی بنێرن، بەڵام هیچ گرینگییەکیان بە داوای ناوبراو نەدابوو.
شایانی باسە کە ناوبراو بەهۆی چالاکیی هاوسەرەکەی دەسبەر کرابوو و بەرپرسانی زیندان پێیان ڕاگەیاندبوو تا هاوسەرەکەی خۆی ڕادەست نەکاتەوە لە بەندیخانەدا دەمێنێتەوە، مەکیە دایکی سێ منداڵی تەمەن پێنج ساڵ، حەوت ساڵ و هەشت ساڵان بوو کە لە سەرەتای دەسبەسەر کردنەکەیدا پێنج مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەهواز لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە و بە دڕندانەترین شێوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرابوو.
چالاکانی عەرەبی ئەهواز لە نامەیەکدا دەسبەرسەر کردنی ژنانی عەرەب لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە، بەهۆی چالاکیی هاوسەرەکانیانەوە مەحکووم دەکەن و بە کردەویەکی دژە مرۆڤانەی دەزانن.