هاونیشتمانییەکی کورد خەڵکی شاری شنۆ بەبێ هیچ هۆکارێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە شاری نەغەدە بریندار کرا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان( چاونیوز)، شەوی ٣٠ی سەرماوەز٩٩ی هەتاوی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی “عەلی عارفی “تەمەن ٢٥ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی سەیداوە، کە لە شەوی یەڵدادا بۆ سەردان خزم وکەسوکاری دەچێتە نەغەدە، لە دەروازەی شاری نەغەدە بێ هیچ هۆکارێکی ڕوون لەلایەن هێزی ئینتزامی تەقەی ڕاستەوخۆ لە ماشێنەکەی دەکرێ و بە سەختی بریندار دەبێ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری شنۆ ڕاگەیاند: عەلی عارفی نە کاسبکار بووە ، نە کەسێکی سیاسی بووە کە جێگای گومان بی، تەنیا بە دیتنی ئەو هەمووە هێزەی کەمینیان دانابووە دەترسێ و خێرایی ماشینەکەی زیاد دەکا، کە لە ئاکام دا تەقە لە ماشینەکەی دەکرێ و چوار فیشەک وەبەر دەست و لاقی عەلی دەکەوێ.
ئەو سەرچاوەی گوتی: دوای ڕاگرتن و لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوت کە ئەمە هاووڵاتییەکی ئاسایی بووە و خێرا ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرا و ئێستا لەو نەخۆشخانەیە لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.