سکرتێری گشتیی یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی: ڕێژیمی ئێران و تورکیە، بە دەستێوەردانەکانیان لە ناوچەکەدا لە خەیاڵی دامەزراندنی ئیمپراتۆریدان.
ئەحمەد ئەبولغەیس، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی، ڕێژیمی ئێران وتورکیە بە “پاوانخواز” و سەوداسەری دامەزراندنەوەی ئیمپراتۆرییەکانی پێشووی خۆیان تۆمەتبار دەکا.
ئەبوولغەیس، ڕۆژی هەینی ٥ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە کردنەوەی کۆنفرانسی” جیهانی عەرەب و پرسەکانی داهاتوو” کە لە قاهێرە بەڕێوە چوو گوتی: جیهانی عەرەب لە ئیستادا پرسەکانی دراوسێ ناوچەییەکانی خۆی وەرگرتووە و لە ئیستادا ڕێژیمەکانی ئێران وتورکیە بە تەمای دامەزراندنەوەی ئیمپراتۆرییەکانی پێشوویانەوەن و لە ناوچە عەرەبییەکاندا بەردەوام سەرقاڵی دەستێوەردانن و کێبڕکێ بۆ بشێوەی و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا دەکەن و هەرکامیان سەرقاڵی ئەوەن کە زیاتر هێژموونی خۆیان بسەپێنن.
ناوبراو هەوڵی دەستێوەردانەکانی ئەم دوو وڵاتەی بە ” دەستدرێژی” بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی ناو برد و گوتی: تاران و ئانکارا بە کەڵک وەرگرتن لە “ئیسلامیی سیاسی” خەریکی دەستێوەردانن لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا.
ئەبوولغەیس، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەبێ وڵاتانی دراوسێ خۆمان بێنینە سەر ئەو باوەڕەی کە لە دین بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و فریو دانی خەڵک و وڵاتانی دەورووبەر کەڵک وەرنەگرن.
هەروەها ناوبراو لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا دەڵێ: وڵاتانی عەرەبی ئامادەن بە هاوکاری و پشتیوانیی وڵاتانی جیهان، ڕووبەڕووی سەرەڕوویی ڕێژیمەکانی ئێران و تورکیە ببنەوە.