ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر بنەکەیەکی گرینگی چەکوچۆڵی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە و بە چڕیی بۆردمانی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ی٥ بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا کۆگاکان و ناوەندی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی بەرگریی سووریە کە میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران لەوێ جێگیر کراون، کردە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، ناوەندە سەربازییەکانی ڕێژیمی سووریە، گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کۆگای کارخانەی وەزارەتی بەرگری کە حەشارگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانن کراونەتە ئامانجی بۆردمانەکەی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل، ئاڤیۆ کۆخاوی، فەرماندەی هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل دەڵێ: هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە لە ترسی ئیسرائیل زۆر بە هێواشی دەجووڵێنەوە و ئەمە ئاکامی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلە و بەم زوانە کۆتایی پێنایە و ڕێگایەکی درێژمان لە پێشە کە بمانهەوێت هەموو ئامانجەکەمان بپێکین.
هەروەها ناوبراو دەڵێ: جیاواز لە هێرشە شاراوەکانمان ئەمساڵ زیاتر لە ٥٠٠جار بنکەو بارەگاکانی میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێرانمان کردۆتە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئێسرائیل، ئەرتەشی ئیسرائیل بە سەدان هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر کاروانی چەک و تەقەمەنی پێشکەوتووی ڕێژیمی ئێران کە دەیانویست هەناردەی بکەن بۆ گرووپە میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان و هەروەها پێشیان بە جموجۆڵ و کۆبوونەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە گرتووە.












