پۆلیسی “ئێف بی ئای”: هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران، هێرشی سایبێرییان کردۆتە سەر لا پەڕەی فەرمیی بەرپرسانی ئەمریکایی و هەڕەشەیان لێکردوون.
بەرپرسانی پۆلیسی فێدراڵ” ئێف بی ئای” ڕۆژی سێشەممە ٢ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە لە ڕێگای ئینتێرنێتەوە هێرشی سایبێرییان کردۆتە سەر بەرپرسانی باڵای ئەمریکایی، وەکوو کارناسانی باڵای ئەو وڵاتە و بەرپرسانی چەند ئەیالەتی ئەمریکایی و هەڕەشەیان لێکردوون.
بەپێی ڕاپۆرتی واشێنگتۆن پۆست، ڕێژیمی ئێران لە مانگی ڕابردوودا بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا چالاکانە هەوڵی داوە و هێرشی سایبێری کردۆتە سەر دەنگدەرانی دێموکرات لە ئەمریکا و هەڕەشەی توندی لەو کەسانە کردووە و نووسیویانە کە تۆڵەیەکی زۆر توند لە “دۆناڵد ترامپ” سەرۆککۆماری ئەمریکا دەکەینەوە.
بەرپرسێکی باڵای” ئێف بی ئای” دەڵێ: بەڵگەی تەواومان لە بەردەستدایە کە هێرشە سایبێرییەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کراوەتە سەر بەرپرسانی ئەمریکایی و بە کردنەوەی ماڵپەڕێک بە ناوی” دوژمنانی میللەت” هێرش کراوەتە سەر بەرپرسان ودەنگدەرانی ئەمریکایی و هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە.












