مەلا مەحموود ئازیش، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی مەلا”مەحموود ئازیش” خەڵکی ناوچەی پیرانشار و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە کە کاک مەلا” مەحموود ئازیش” لە سەرەتاکانی شۆڕشەوە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە بەر دەکا و چەکی شەرەف و بەرگری لە خاکی نیشتمانەکەی دەکاتە شان و دوای ماویەک بە هۆی لێهاتووییەوە دەبێتە ئەندامی کومیتە شارستانی پیرانشار و کادرێکی دیاری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەکانی پیرانشار، بە تایبەتی ناوچەی مەنگوڕایەتی و بەری مێرگان.
هەروەها مەلا مەحموود دوای هاتنی حیزب بەرەو باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە ناوخۆی وڵات و تاسەر وەفادار بە ڕێیگا و ڕێبازی پڕ سەروەری شەهیدانی کوردستان دەمێنێتەوە و تادوایین هەناسەکانی ژیانی دڵە گەورەکەی بۆ ئازادی کوردستان لێیداوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک مەلا”مەحموود ئازیش” سەرە خۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.