سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە هەمبەر هێرش بۆ سەر باڵویزخانەی ئەمریکا لە عێراق، هەڕەشەی لە ڕیژیمی ئێران کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز”دۆناڵد ترامپ” سەروککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە لاپەڕەی فەرمیی تویتێرەکەی لە هەمبەر هەر جۆرە هێرشێکی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق بۆ سەر باڵوێزخانە و بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا، هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کرد و وتی، پێتانوایە ئەو مووشەکانە کە ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق کراون کام وڵات دروستی کردوون، بە دڵنیاییەوە ئێران، تەنانەت بەتەمای هێرشی زیاتریشن.
ڕێژیمی ئێران دەبێ زۆر وریا بێت و هیچ جووڵەیەک بە دژی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراقدا نەکا هەر هێڕشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پشتە و من ئامۆژگارییەکیان دەکەم کە ئەگەر لەو هێرشانەدا ئەمریکاییەک گیانی لەدەستبدا ئەوا ئێران زەرەرمەندی سەرەکی دەبێ.
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی لە تویتێکدا ڕۆژی چوارشەممە دەنووسێ، بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەیکە باس لە چەندین ڕێکار بۆ پێشگرتن بە ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە هەمبەر هێڕەشەکانی بۆ سەر باڵوێزخانە و دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە بکەن، کە یەکێک لە باسەکان ئەگەری هێرشی سەربازیی بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە.
هەروەها ئەم بەرپرسە ئەمریکاییە ڕایگەیاند کە لەم کۆبوونەوەیەدا مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگری و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بەشدار بوون و لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێکارێکی گونجاو بدەنەوە بە سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە سەرەڕۆیی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران.
شایانی باسە کە هەر لە پێوەندی لە گەڵ ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا ژێردەریاییەکی ئیسرائیل و چەندین کەشتیی شەڕکەری ئەمریکایی ودەیان فڕۆکەی پێشکەوتووی “بی٥٢ “و فڕۆکەی “ئێف ٣٥ی ئەمریکایی لە وڵاتانی دەوروبەری ئێران و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا جێگیر کراون.












