مەلا سمایل ڕەحمانی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شاماتی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، مەلا”سمایل ڕەحمانی” پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی گوندی”گەزەڵێن”ی ناوچەی شامات، بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی سابڵاغ ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمێشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
مەلا سمایل کوڕی مەلا فەتاح ڕەحمانی پێشمەرگەی سەردەمی پڕ لە شانازی و سەروەری کۆماری کۆردستان بووە، مەلا سمایل ساڵی ٥٨ی هەتاوی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە بەر دەکا و چەکی شەرەف بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی دەکاتە شان و تا ساڵی ٦٣ی هەتاوی، بەوپەڕی دڵسۆزی و وەفادارییەوە خزمەت بە حیزب و گەلەکەی دەکا.
شایانی باسە کە مەلا سمایل لە یەکێک لە جەولەکانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شامات لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە دیل دەگیردرێ و دوای مانگێک لە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکاندا ئازاد دەکرێ، مەلا سمایل دوای گەرانەوەشی بۆ نێۆخۆ کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویست بووە و تاکاتی گیان لە دەستدانی تامەزرۆی ئازادیی کوردستان بووە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی مەلا”سمایل ڕەحمانی” سەرە خۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











