دوای ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ، لەگەڵ ئازادکرانی فاتمە دادەوند بەپێبەندی ئێلکترۆنیک ڕەزایەتییان دەربڕی دادستێنی گشتیی بۆکان ئیزنی ئازاد کرانی بە ناوبراو نەدا،
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ڕۆژانی ڕابردوودا دادستێنی گشتیی بۆکان ڕێگای نەداوە “فاتیمە دادوەند” کە لە دەسبەسەرکراوانی خەزەڵوەی ساڵی ٩٨ی هەتاوی، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بە پێبەندەوە لە بەندیخانە ئازاد بکرێ
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دژایەتیی دەربڕینی داواکاری گشتیی بۆکان لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، ڕەزامەندییان لەسەر ئەم بابەتە دەربڕیوە بەڵام دادستێنی گشتیی بۆکان وتوویەتی هێشتا کاتی ئازادیی ناوبراو نەهاتووە.
” دادوەند” تەمەن ٤٢ ساڵ و دایکی سێ منداڵ، رۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە بریندار دەبێ، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە و پاش مانگێک ڕاگیران بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەڕێکرا.
ناوبراو هاوکات لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا پاش چوار مانگ بەندکران بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شیوەی کاتیی و تا کاتی دادگاییکرانی ئازاد کرابوو.
فاتیمە داوەند ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ٩٨، لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری بۆکان دادگایی و بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی کۆمەڵگە” سزای پێنج مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچی بە سەردا سەپا.
هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن دادگای شۆڕشی مهاباد، بۆ جارێکی دیکە دادگایی کرا و بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات“ سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
فاتیمە داوەند دواجار ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، بە مەبەستی تێپەڕاندندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ناساند
شایانی باسە کە فاتیمە دادوەند لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەلوەری ٩٨ی هەتاوی، لە بۆکان دەسبەسەر کرابوو.











