وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢ی بەفرانباری٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند کە ٧ کەسایەتی و ١٠ ڕێکخراوی ڕێژیمی سووریە، وەکوو بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە گەمارۆی خراوەتە سەر.
دەفتەری چاوەدێری داراییەکانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، لە ماڵپەری فەرمیی خۆیدا ڕایگەیاند کە بۆ پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئەمریکا، بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی سیاسیی لە قەیرانی سووریە، وەزارەتی خەزێنەداری گەمارۆی خستەسەر بەرپرسێکی باڵای سووریە کە هاوژینەکەی ئەندام پارلمانی ئەو وڵاتەیە و هەرەها چەندین ڕێکخراوی بازرگانی پێوەندیدار بەو دوو کەسەوە.
لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە جیاواز لەوە گەمارۆ خراوەتە سەر بانکی ناوەندیی سووریە و هەر لەم پێوەندییەدا ٢ کەس و ٩ ڕێکخراوی دیکەش گەمارۆی خراوەتە سەر.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەم ڕێگایەوە دەمانهەوێت پێش بە سەرەڕۆییەکانی دەوڵەتی سووریە بگرین و ناچاری بکەین بە پێبەند بوونی بڕیارنامەی٢٢٥٤ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
جیاواز لە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕۆژی سێشەممە ٦ کەسایەتی سووری بەپێی ماددەی ٢ی بڕیاری جێبەجێکردنی ژمارە١٣٨٩٤ خستە لیستی گەمارۆکانەوە و دەستی بە سەر هەموو سەروەت سامانەکەیاندا گرتووە و ئێزنیان پێنادات سەردانی وڵاتی ئەمریکا بکەن.
شایانی باسە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەم گەمارۆگەلە بۆ سەر ڕێژیمی سووریە لە هەمبەر گەندەڵی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤە و ئەمریکا پشتیوانیی لە هاووڵاتییانی سووریە دەکا.