ماوەی زیاتر لە ٢ مانگە کە هەزاران باڵندەی ناوچەی ورمێ لە نێوچوون و لە ڕۆژانی سەرەتای ئەو ڕووداوەدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە بە هۆی دەرمانداو کران یان هۆکارێکی لەو شێوەیە ئەو باڵندانە ئاوا بە کۆمەڵ تێداچوون، بەڵام ئەوە ماوەی زیاتر لە ٢ مانگ بە سەر ئەو ڕووداوە دا تێپەڕیوە کهچی هیچ ناوەندێک ئامادە نیە بە شێوەی رەسمی هۆکاری ئەو مردنە بە کۆمەڵە بخاتە روو.
هەواڵدەری مێهر لەو پەیوەندییە دا نووسیویەتی: دوو مانگ بە سەر لە نێوچوونی بە کۆمەڵی هەزاران باڵندە لە ناوچەی ورمێ تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێ هیچ ئۆرگانو ناوەندێکی حکومەتی ئامادە نیە سەبارەت بە هۆکاری ئەو ڕووداوە لێدوانێک بداو تا ئێستا هیچ لێپێچینەوەیەکی قانوونی دژ بە بەرپرسانی ئەو کارەساتە نەکراوە.
هاوکات لەگەڵ وڵام نەدانەوەی ناوەندە بەرپرسەکان، بەرپرسی ژینگەپارێزی ورمێ دەڵێ کە بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ژەهراوی بوونی ئاوی ئاوەڕۆ بووتە هۆی مردنی ئەو هەزاران باڵندەیە. حوجت جەباری، جێگری بەڕێوەبەری ئیدارەی ژینگەپارێزی شاری ورمێ هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوە دەگێڕێتەوە بۆ وشکە ساڵیو کەم بارانیو هاوکات نەپاڵاوتنی ئاوڕۆ و زێرئاوەکانی شا و شارۆچکەکانی دەورەووبەری ورمێ، کە ڕاستەوخۆ دەڕژێنە نێو گۆلی ورمێوە.
ناوبراو لهپێوهندی لهگهڵ ژمارەی باڵندەو ئاژەڵە لە ناوچووەکان دەڵێ کە هێشتا ئاماری کۆتایی لە بەردەستدا نیە و بە هۆی زەلکاوی بوونی ناوچەکەو ڕۆچوونی باڵندە لەنێوچووەکان لە زەلکاوەکەدا کەس ژمارەی تەواوی ئهو ڕووداوه تڕاژیدیکهی لە بەرەدەست دا نیە.