عەلی شەمخانی: کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆڵەی قورسی کوژرانی قاسم سلێمانی لە ئەمریکا دەکاتەوە.
عەلی شەمخانی، سکرتێری شۆرای ئاسایشی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێداگرە بۆ تۆڵەکردنەوەی قورسی بکوژانی “قاسم سلێمانی” فەرماندەی سپای قودس و تۆڵە لە بڕیاردەرانی ئەو کوشتنە دەکاتەوە.
شمخانی ڕۆژی سێشەممە٢ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ “حەمدوڵڵا موحێب” یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی سەرۆککۆماری ئەفغانستان، هەستی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی قاسم سلێمانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێت کۆتایی بە کوژرانی بەرپرسانی باڵای ئێرانی بێنێت و وەها گوشارێکی قورس بخاتە سەر ئەمریکا کە ناچاری بکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێ بهێڵێت.
ناوبراو لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێ: لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا ئەمریکا کێشەی زۆری لە بواری ئاسایشدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووست کردووە و بە کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندس، رەفتار و ئاکارە ناشیرینەکانی خۆی گەیاندۆتە ئەوپەڕی خۆی و بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێت تۆڵەیەکی قورسی لێبکاتەوە.
شایانی باسە کە ئەم هەڕەشە پڕ و پووچانەی شەمخانی لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەم ڕۆژانەدا هەڕەشەی تۆندیان لە ڕێژیمی ئێران کردووە وبە هێنانی ژێردەریایی و کەشتیی شەڕکەر بۆ نزیک سنوورەکانی ئێران، ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران هێرش بکاتە سەر بنکەو بارەگاکانیان و بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە ئەوە ئەوانیش هێرشێکی سەربازیی قورس دەکەنە سەر ڕێژیمی ئێران.