هەزاران کەس لە کوردانی شاری مێژوویی ئامەد لە باکووری کوردستان، کە لە ئێستادا بە هۆی تۆپبارانو هێرشی بەردەوامی پۆلیسو سپای ڕژیمی تورکیەوە بەرەو وێرانی دەچێ، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە هیرشی پولیسو هێزە تایبەتییەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ سەر خەڵکی سڤیلو کوشتنی ژنو منداڵی بێتاوانو هەڵگرتنی باری نائاسایی خۆپیشاندانێکیان پێک هێنا.
ئهو خۆپیشاندانه لەگەڵ دژکردەوەی توندی پۆلیس بەرەوڕوو بۆتهوهو هاوکات لە شارەکانی “ئانکارا”، “جزیرە”، “سیلوپی” و “نوسەیبین”یش چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەریان هەڵدا کە لەو شارانەش پۆلیسو هیزە تایبەتییەکانی تورک بە ئاوی گەرمو گازی فرمێسک ڕێژ بە گژ خۆپیشاندەراندا چوونەوە.
لهلایهکی دیکهوه بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی چەند حەوتووی ڕابردووەوە هیچ خزمەتگوزارەی و پێداویستییەکی ڕۆژانەی خەڵک وەک ئاوی خواردنەوە، وزەی برقو خزمەتگوزاری تەندرووستی لەو شارەدا نەماونو قوتابخانەو خوێندنگاکان بە تەواوی داخراون، تەنانەت هێزە ئهمنیهتییهکانی تورک ڕێگە بە خەڵک نادەن تەرمی شەهیدەکانیشیان ئەسپەردە بکەن.
پارتی دیموکراتیکی گەلان، هادهپ ئاشکرای کردوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نیوان هێزەکانی پ ک ک و حکومەتی تورکیە دا زیاتر لە ١٢٩ کەس لە هەردووک لا کوژراون، بەڵام سەرچاوەکانی حکومەتی تورک دەڵێن کە ئاماری کوژراوهکان زیاتر لە ٢٠٠ کەسن.
هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانو درێژەی شەڕو تێکهەڵچوونەکان لە نێو شارەکانی باکووری کوردستان، نوێنەرانی کوردی پارلەمانی تورکیە لەهەوڵی بەردەوام دان بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵک بە وڵاتانی جیهانو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەوە جگە لەوەی کە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەن کە بە سەرهەڵدانێکی بەرینو هەمە لایەنە پشتگیری لە داواکاری خودموختاری هادهپ بکەن.
فیگین یوکسکداغ، نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان لە پارلمانی تورکیە، هێرشی توندی کردە سەر حکومەتی دادو گەشە پێدانو ئۆباڵی ڕووداوەکانی ئەو دواییانەی خستە ئەستۆی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی وەزیرانی تورکیەو بە بەپرسی ئەو وێرانیو شەڕ و تێکهەڵچوونانە ناوی بردن.