ناسر حیسامی، نووسه‌ر و وه‌رگێڕی كورد له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا بۆ “وشه” تیشك ده‌خاته سه‌ر بنه‌ماكانی وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی و پرسی زمان گرێ ده‌داته‌وه به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و رای ده‌گه‌یه‌نێت، زمانی كوردی توانا و ئاستی گه‌شه‌ی جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانانه كه چه‌ندان سه‌ده‌یه ئه‌ده‌بیاتێكی به‌رینیان پێ خوڵقاوه و گه‌شه‌یان كردووه و پێیان خوێنراوه، زمانی ئێمه زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه له‌ژێر سه‌ركوتدا بووه و زۆرجار لێی قه‌ده‌غه كراوه به زمانی خۆی بخوێنێت.
به گشتی وه‌رگێڕان كۆمه‌ڵێك بنه‌مای كۆنكریت و دیاریكراوی هه‌یه كه ده‌بێ وه‌رگێڕ ره‌چاویان بكات، به‌ڵام كه ورد ده‌بینه‌وه ناو ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان ئه‌و بنه‌مایانه هه‌ندێك گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، بنه‌ماكانی وه‌رگێڕانی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی كامانه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وه‌رگێڕی ئه‌ده‌بی ده‌بێ چ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تێدا بێت؟
بنه‌ما بۆ وه‌رگێڕان وه‌ك بنه‌مای هه‌موو بواره‌كانی تری نووسینه، واتا مه‌رجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه تۆ توانایی كاره‌كه‌ت هه‌بێت. به تایبه‌ت له‌سه‌ر وه‌رگێڕان ده‌بێ وه‌رگێڕ ئه‌و مه‌رجه‌ی تێدابێت كه هه‌ردوو زمان “زمانی سه‌رچاوه و ئه‌و زمانه‌ی بۆی وه‌رده‌گێڕێت” به باشی بزانێت. مه‌به‌ستیش له زانینی زمان بۆ وه‌رگێڕان، به تایبه‌تی وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی ئه‌وه نییه كه له ئاستی زمانی رۆژانه‌دا بیزانێت. بۆ نموونه كه‌سێك گه‌شت ده‌كات بۆ وڵاتێك و زمانی ئه‌و وڵاته به‌شی ئه‌وه‌نده فێر ده‌بێت كاری رۆژانه‌ی خۆی ڕاپه‌ڕێنێت. ئه‌وه‌نده به‌ش ناكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی له‌و زمانه‌وه پێ وه‌ربگێڕی. ئه‌گه‌ر باسی وه‌رگێڕانی شیعر بكه‌ین، شیعر كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ی تێدایه. پێویسته له پێشینه‌ی مێژوویی و كولتوور و باوه‌ڕ و په‌ندی پێشینانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بزانیت بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ئاماژه و ده‌ربڕینانه بگه‌ی.
ئه‌گه‌ر سه‌یری كتێبخانه‌ی وه‌رگێڕانی كوردی بكه‌ین، زۆرینه‌ی كتێبه وه‌رگێڕاوه‌كان له بواری ئه‌ده‌بین، هۆكاری ئه‌مه چییه كه كه‌متر خۆ له قه‌ره‌ی بواره‌كانی تر دراوه؟
له‌و ساڵانه‌ی دواتر هه‌ندێك وه‌رگێڕان له بواره‌كانی تریش كراوه، به‌ڵام راسته، به‌شێكی زۆری ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌ی كراون به كوردی له بواری ئه‌ده‌بیات بووه. ره‌نگه هۆكاره‌كه‌ی زیاتر ئه‌وه بێت كه به‌شی زۆری نووسراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئه‌ده‌بی بوون و به‌وه راهاتووین كه ده‌بێ وهرگێڕانهكانیشمان ئه‌ده‌بی بن. هۆیه‌كی تر بۆ ده‌ستنه‌بردن بۆ بواره‌كانی تر ره‌نگه ئه‌وه بێت كه خوێندنمان به كوردی نه‌بووه. وڵاتی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووین و كاروباری تری ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆمان به زمانێكی تر راپه‌ڕاندووه. خوێندنمان له زانكۆكان به زمانی تر بووه. واتا زمانی زانستمان زمانێكی به‌ده‌ر له زمانی كوردی بووه. بۆیه له‌و بابه‌تانه‌وه ره‌نگه زۆر هه‌ست به‌و پێویستییه نه‌كرابێت كه بابه‌تی زانستیشمان بۆ كتێبخانه كوردی ده‌وێ و پێویستمان به‌وه‌یه بابه‌تی بۆ وه‌ربگێڕین.
ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌ڵبژاردنی كتێبه‌كانیش بكه‌ی، سه‌لیقه‌ی كورد بۆ وهرگێڕانهكانیش هه‌ست ده‌كرێت دوا كه‌وتووه، بۆ نموونه ئێسته سه‌ده‌ی 21ه و وه‌رگێڕ دێت ده‌قێكی ئه‌ده‌بی سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م وه‌رده‌گێڕێت، ئه‌وه وای كردووه نه‌وه‌ی تازه كه‌متر له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مڕۆی دنیا ئاگادار بێت، هه‌ڵبژاردنی ده‌ق چه‌نده گرنگه بۆ وه‌رگێڕان؟
هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی كه تۆ چی وهردهگێڕییهوه سه‌ر زمانی كوردی، گرنگترین به‌شی كاری وه‌رگێڕه. ئه‌وه به‌شی زۆری پێوه‌ندی به‌وه هه‌یه كه كاتێك وه‌رگێڕ بابه‌ت هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ وه‌رگێڕان، خۆی تا چه‌ند شاره‌زای ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و زمانه‌یه كه لێیه‌وه وه‌رده‌گێڕێت. من نموونه‌ی زمانی فارسی ده‌هێنمه‌وه، ئه‌گه‌ر فارسی له‌و ئاسته‌دا بزانی كه له ته‌له‌ڤزیۆن فێری بووی یان له رادیۆ بیستووته، له میدیایه‌كدا كه بابه‌ته‌كانی زۆرتر بۆ سه‌رگه‌رمیی خه‌ڵكن، ده‌قێك هه‌ڵده‌بژێریت بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌یته كوردی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك شاره‌زای كون و كه‌لێنی ئه‌و ئه‌ده‌بیاته بوو و كۆمه‌ڵگا و مێژوو و كولتوور و پرسه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی ناسی، ئه‌وجار ده‌قێكی جیاواز هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ وه‌رگێڕان. ئه‌گه‌رنا زۆر جار ده‌بینین شیعرێك هه‌ڵده‌بژێرن بۆ وه‌رگێڕان كه هایده یان موعین كردوویانه‌ته گۆرانی، واته ئه‌گه‌ر تۆ سه‌رچاوه‌ی زانست و رۆشنبیرییهكهت هایده و موعین بێت، ده‌چی ئه‌و شیعرانه وه‌رده‌گێڕی بۆ كوردی كه ئه‌وان كردوویانه‌ته گۆرانی، به‌ڵام تۆ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگاكه‌ت ناسی، ده‌گه‌ڕێی بزانی گرنگترین سیما ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه كه كاریگه‌رییان هه‌بووه كێن.
وه‌رگێڕی كورد له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ده‌قانه‌دا كه ئاماژه‌ت پێ كرد توانیویه‌تی ئامانجه‌كه‌ی بپێكێت؟
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كاری باش كراوه له بواری وه‌رگێڕاندا. چ ئه‌ده‌بی جیهانی و چ له ئه‌ده‌بی دراوسێكانیشماندا به‌رهه‌می باش كراون به كوردی. ئێسته ئه‌گه‌ر ناو بهێنم له‌وانه‌یه هه‌ندێك كتێبم له‌بیر بچێت یان هه‌ندێكم هه‌ر نه‌دیتبێ، به‌ڵام به گشتی تازه خه‌ریكه رهچهیهك ده‌دۆزینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كۆمه‌ڵگاكه‌مان ئه‌مڕۆ پێویستی به چی هه‌یه. له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه خوێنده‌واری زۆرتر سه‌ریان هه‌ڵداوه و هه‌ست به به‌رپرسیاری ده‌كه‌ن و ده‌زانن كه ئه‌گه‌ر بڕیار بێت شیعر وه‌ربگێڕن، ده‌بێ چ جۆره شیعرێك هه‌ڵبژێرن و به كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیانی بناسێنن، ئه‌و شیعره له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رچاوه‌دا چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌بووه و سیما ناسراوه‌كانی كێن. له رۆمانیشدا ئێمه پێشینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندمان نه‌بووه، تازه خه‌ریكین كۆمه‌ڵێك رۆمان ده‌كه‌ین به كوردی و خوێنه‌ری ئێمه “ئه‌وانه‌ی به زمانی كوردی ده‌خوێننه‌وه” ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان ده‌ست ده‌كه‌وێت له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی گه‌وره و به‌رهه‌مه جیهانییه‌كان ئاشنا بن.
ئێسته له كوردستان چاپخانه‌كان زیاتر ئه‌و وه‌رگێڕانانه وه‌رده‌گرن كه له بازاڕدا فرۆشیان هه‌بێت و ئه‌وه‌ش وای كردووه كۆمه‌ڵێك كه‌س كه شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان له زمان نییه، ده‌ست بۆ وه‌رگێڕان ببه‌ن، به‌ڵام كاتێك كتێبه‌كه ده‌چێته به‌رده‌م خوێنه‌ر و ده‌بینێت زمانه‌كه ده‌روه‌ستی نه‌هاتووه، وا تێده‌گات كه زمانی كوردی ده‌روه‌ستی وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه جیهانی و به‌رهه‌مه مه‌عریفییه‌كان نایه‌ت، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی دروست بووه تا چه‌ند له راستییه‌وه نزیكه؟
ئه‌گه‌ر باس له‌سه‌ر وه‌رگێڕان بۆ بازاڕ، وه‌ك پیشه‌یه‌ك بۆ داهات بێ، ئه‌وه له جێی ترش هه‌یه. به‌شێك له وه‌رگێران، بۆ بازاڕ ده‌كرێ. به‌ڵام له وه‌ڵامی ئه‌و به‌شه‌ی پرسیاره‌كه كه ئایا زمانی كوردی مایه‌ی ئه‌وه‌ی تێدایه ده‌قی ئه‌ده‌بیی جیهانیی پێ بكرێته كوردی یان نا، بۆچوونی من ئه‌وه‌یه كه ئێمه ده‌توانین ئه‌و ده‌قه جیهانییانه وه‌ربگێڕین و كارێكی ئه‌سته‌میش نییه، له هه‌مان كاتدا زۆریش ئاسان نییه. كاتێك باس دێته سه‌ر توانایی زمان، زۆر كات پێوه‌ندی ده‌ده‌نه‌وه به پرسی سیاسیی و نیشتمانی و ده‌ڵێن كورد چی كه‌متره له نه‌ته‌وه‌كانی تر و زمانی كوردی چی كه‌متره له زمانه‌كانی تر. ئێمه نابێ به پێوانه‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵیسه‌نگێنین. زمان بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه بكات خزمه‌تی پێویسته. زمانی كوردی توانایی و ئاستی گه‌شه‌ی جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانانه كه چه‌ندان سه‌ده‌یه ئه‌ده‌بیاتێكی به‌رینیان پێ خوڵقاوه و گه‌شه‌یان كردووه و بابه‌تیان پێ چاپ كراوه و زمانی رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن بوون و پێیان خوێنراوه. زمانی ئێمه زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه له‌ژێر سه‌ركوتدا بووه و زۆرجار لێی قه‌ده‌غه كراوه به زمانی خۆی بخوێنێت. ئاستی گه‌شه‌كردنی ئه‌و زمانه بێگومان جیاوازیی هه‌یه له‌گه‌ڵ بۆ نموونه زمانی ئه‌ڵمانی یان ئینگلیزی كه چه‌ندان ده‌زگای به‌رینی زمانه‌وانی و چه‌ندان بنكه و دامه‌زراوه به درێژایی ساڵان كاریان له‌سه‌ر كردوون و وشه‌یان بۆ خوڵقاندوون و وشه‌یان له زمانه‌كانی تره‌وه بۆ هێناون. ئه‌وه جیاوازیی هه‌یه له‌گه‌ڵ زمانێك كه به‌هۆی هه‌لومه‌رجی سیاسیی و ژیانی خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگاكه‌ی نه‌یتوانیوه له ئاستێكی پێویستدا گه‌شه بكات. توانایی زمانی كوردی له‌گه‌ڵ توانایی زمانه گه‌شه‌كردووه‌كان جیاوازیی هه‌یه، به‌ڵام به‌و مانایه‌ش نییه كه ئێمه نه‌توانین به‌رهه‌می ئه‌وان وه‌ربگێڕین. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین كه وه‌رگێڕانیان كاری هه‌موو كه‌س نییه، كه‌سێكی ده‌وێ كه به‌لای كه‌مه‌وه هه‌موو تواناییه‌كانی زمانه‌كه‌ی خۆی بزانێت.
لای ئێمه كارمه‌نده‌كانی ته‌له‌ڤزیۆنێك دێن به كه‌یفی خۆیان وشه داده‌ڕێژن به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانی زمانه‌وانیی تێدابێ و له‌به‌رئه‌وه‌ی توانای پڕوپاگه‌نده و راگه‌یاندنی به‌رینیشیان هه‌یه، وشه‌كه دێته سه‌ر زمانی خه‌ڵك و ده‌چێته ناو نووسراوی گه‌نجه‌كان به‌تایبه‌تی. با نموونه‌یه‌كت بۆ باس بكه‌م، ئێسته كۆمه‌ڵیك په‌یج و گرووپ له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ن كه كار له‌سه‌ر بواری زمان ده‌كه‌ن، زۆر جار ده‌بینم گه‌نجه‌كان پرسیار ده‌كه‌ن، ئه‌رێ مانای فڵان وشه له‌و شیعره‌ی هێمن یان حاجی قادر یان هه‌ژار چییه؟ ئه‌و كه‌سانه كه‌میش نین. یه‌ك و دوو نین. بووه به دیارده. من زۆر جار به‌داخ ده‌بم كه ئه‌گه‌ر خوێنده‌واری ئێمه له خوێندنگه و له ئاستی خوێندنی باڵا نه‌توانێ له ئاستێكدا كوردی فێر بێت كه له شیعری هێمن بگا ئه‌دی له قوتابخانه چی خوێندووه؟ ئه‌ی سیستمی خوێندنی ئێمه چی فێری خوێندكار ده‌كه‌ن؟
كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كان ئێسته چوونه‌ته پرسی زۆر ئاڵۆزتره‌وه. ده‌روونناسی هاتووه‌ته ناو باسهكانیانهوه. رۆماننووسێكی ئه‌مڕۆی جیهانی كه رۆمان ده‌نووسێت، له رۆمانه‌كانی باسی پزیشكی و ده‌روونناسی و فیزیك و دیارده‌كانی ئه‌مڕۆی دنیا له بواری ژینگه ده‌كات. هه‌موو ئه‌وانه زاراوه و ده‌سته‌واژه و چه‌مكی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. ئه‌وه به ئیراده نییه بڵێی زمانی كوردی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و ئێمه هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژه و چه‌مكانه‌مان هه‌یه. نه‌خێر نیمانه، ده‌بێ هه‌وڵی بۆ بده‌ین دایانبڕێژین و دروستیان بكه‌ین.
ئاماژه‌ت به‌و میدیایانه كرد كه كارمه‌نده‌كانیان به ئاره‌زووی خۆیان وشه بۆ زمانی كوردی داده‌تاشن، ئه‌و پاشاگه‌ردانییه به گشتی له میدیادا هه‌یه و له گه‌ڕه‌كێك كه نووسینگه‌ی بۆ نموونه سێ ده‌زگای میدیایی لێیه، به سێ رێنووس و داڕشتنه‌وه‌ی جیاواز كار ده‌كه‌ن، ئه‌وه چ خه‌سارێكی بۆ داهاتووی زمانه‌كه‌مان ده‌بێت؟
كاریگه‌رییه‌كه‌ی ئه‌وه ده‌بێت كه ئێمه له داهاتوودا زمانێكی وامان نابێت هه‌موومان له‌سه‌ری ساغ ببینه‌وه و به‌كاری بهێنین. زمان دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه. زمان ده‌بێ هۆیه‌ك بێ بۆ پێوه‌ندیی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ یه‌كتر. تۆ ئه‌گه‌ر زمانێكی هاوبه‌شت نه‌بوو هه‌موو كۆمه‌ڵگاكه‌ت وه‌ك یه‌ك پێی بدوێ و بنووسێ، ئه‌و پێوه‌ندییه له‌ناو كۆمهڵگاكهتدا دروست نابێت. زۆر جار كه‌سانێك دێن ده‌پرسن، ئه‌رێ ئه‌و وشه‌یه كوردی نییه و با هاوتایه‌كی كوردی بۆ دابنێین، نه‌ك هه‌ر ده‌زگا میدیاییه‌كان، ئێسته تاكه‌كانیش هه‌ركه‌س بۆ خۆی بڕیار ده‌دات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وشه دروست بكات و بیهێنێته ناو زمانی كوردییه‌وه. ئه‌وانه ده‌نووسرێن و بڵاو ده‌كرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی نه‌بینه خاوه‌نی زمانێكی هاوبه‌ش و یه‌كگرتوو. ئه‌و ته‌وژمه‌ی كه هه‌ركه‌س بێت و به شك و گومانه‌وه هه‌موو وشه‌یه‌ك ئه‌مدیو و ئه‌ودیو بكات بزانێ ئایا ره‌گ و سه‌رچاوه‌كه‌ی له كۆنه‌وه كوردی بووه یان نا، ئه‌وه له زمانی تردا نییه. سه‌یری زمانی دراوسێكانمان بكه، وه‌ك هه‌موو زمانه‌كانی تری دنیا وشه وه‌رده‌گرن و وشه ده‌ده‌ن به زمانی تر. زمانی كوردیش هه‌ر وایه. ئێمه ناتوانین بێین هه‌موو وشه‌ی كوردی ئه‌مدیو و ئه‌ودیو بكه‌ین و بزانین كامه‌ی له بنه‌ڕه‌ته‌وه كوردی بووه. كاری له‌و شێوه‌یه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ناكرێت. چونكه به‌شێكی یه‌كجار زۆر له وشه‌كانی هه‌ر زمانێك ناتوانی سه‌رچاوه‌یان بۆ بدۆزیته‌وه كه ئایا له سه‌ره‌تاوه له كوێوه هاتوون. به‌شێكی زۆری زمان پێوه‌ندی به سه‌رده‌مێكه‌وه هه‌یه كه هێشتا نه‌ته‌وه‌كان پێك نه‌هاتوون، وڵاته‌كان نه‌بوون و مرۆڤ له كۆمه‌ڵی جۆراوجۆردا له‌م دۆڵ و له‌و دۆڵ له په‌نای یه‌كتر ژیاون و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌بووه و قسه‌یان كردووه و وشه‌یان دروست كردووه. ئیتر ده‌رناكه‌وێ كه ئاخۆ ئه‌و وشه‌یه عه‌ره‌بییه یان كوردی و توركی و سه‌رچاوه‌كه‌ی نادۆزرێته‌وه. ئه‌وه‌ی كه ئێسته هه‌ر ده‌زگا و نووسه‌رێك خه‌ریكه له جێیان وشه دروست ده‌كات، زمانه‌كه‌مان ده‌بێته زمانێكی بێسهرهوبهره. زۆر جار كه نووسراوێك ده‌خوێنمه‌وه كه زۆر له‌و وشانه‌ی تێدایه خه‌ڵك پێیان وابووه ده‌بێ ئه‌وه دابنرێت له جێی وشه‌كانی پێشتر كه به فارسی یان عه‌ره‌بییان زانیوه، هه‌ستی ئه‌وه‌م پێ نادات كه خه‌ریكم ده‌قێكی كوردی ده‌خوێنمه‌وه و هه‌ست به نامۆبوون ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ نووسینه‌كه. زمانێكی بێ پێناسه‌یه و سه‌روبه‌ری دیار نییه. زمان به‌وه سه‌قه‌ت نابێ كه وشه‌ی زمانی تری تێدابێ، به‌ڵكو زمان به‌وه سه‌قه‌ت ده‌بێ كه داڕشتنه‌كه‌ی كوردی نه‌بێت و به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خه‌ریكن لێكدا لێكدا وشه‌ی “ناكوردی” له زمانه‌كه فڕێ ده‌ده‌ن و وشه‌ی تازه دروست ده‌كه‌ن و ده‌یهێننه ناو زمانه‌كه، به زمانێك ده‌نووسن كه داڕشتن و بناغه‌كه‌ی كوردی نییه. به‌ڵام ئه‌و وه‌سواسه‌ی له ئاست ناكوردیبوونی وشه پێشانی ده‌ده‌ن، له ئاست ناكوردیبوونی داڕشتن و بینای ڕسته‌كه نییانه.
ئه‌و شێوازه مامه‌ڵه‌كردنه‌ی میدیا و نووسه‌ران له‌گه‌ڵ زمان به‌شێك نییه له‌و كاریگه‌رییه‌ی وای كردووه گه‌نج پرسیار له‌سه‌ر مانای ئه‌و وشه ساكاره كوردییانه بكات كه پێشتر ئاماژه‌ت پێ دا؟ به‌گشتی هۆكار چییه كه گه‌نجانی ئێمه ئه‌وه‌نده له تێگه‌یشتنی زمانه‌كه‌یان دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه؟
به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌وه كاریگه‌ریی شێوازی په‌روه‌رده‌یه. ده‌بێ بزانی سیستمی فێركردنهكهت له‌سه‌ر چی داده‌مه‌زرێنیت، له سیستمی په‌روه‌رده‌ی كوردیدا گرنگیی زۆر به‌وه نادرێت كه رێزمان و رێنووسی كوردی فێری خوێندكار بكرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه میدیاش ده‌وری هه‌یه و پێشتریش ئاماژه‌م پێ دا. با من نموونه‌یه‌كت له‌سه‌ر سیستمی په‌روه‌رده بۆ بهێنمه‌وه. زۆر كه‌س له گه‌نجی ئێسته كه له شاره گه‌وره‌كان ژیاون، جیاوازی مه‌ڕ و بزن نازانن، واتا نازانێ مه‌ڕ به چی ده‌ڵێن و بزن به چی ده‌ڵێن. ئه‌گه‌ر نێر بوو چی پێ ده‌ڵێن “به‌ران” و ئه‌گه‌ر مێ بوو چی پێ ده‌ڵین “مه‌ڕ”. له‌جیاتی ماین ده‌نووسن ئه‌سپی مێ! یان له‌بری جوانوو ده‌نووسن بێچووی ئه‌سپ. ئه‌وه بۆچی؟ بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه سیستمی په‌روه‌رده‌ی ئێمه ئه‌و شتانه فێری خوێندكار ناكات. خۆ كۆمه‌ڵگای ئێمه له سوید پیشه‌ییتر نییه، به‌ڵام منداڵێك كه له سوید ده‌خوێنێت، هه‌ر له قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندن ناوی ته‌واوی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا هه‌ن، فێر ده‌بێت، ده‌یانبه‌نه ناو دارستان و پاشه‌ڕۆی ئاژه‌ڵیان پێشان ده‌ده‌ن و له‌ڕووی پاشه‌ڕۆی ئاژه‌ڵه‌وه ده‌بێ بناسرێته‌وه ئه‌وه پاشه‌ڕۆی كام ئاژه‌ڵه. ناو و شێوه‌ی هه‌موو باڵنده‌كانیان فێر ده‌كه‌ن. له كوردستانی خۆمان زۆر كه‌سمان هه‌یه به هه‌موو باڵنده‌یه‌ك ده‌ڵێ چۆله‌كه، ئه‌وانه هه‌مووی ده‌بێ له سیستمی خوێندندا فێر بكرێن.
دێینه سه‌ر وه‌رگێڕانی شیعر، بێگومان وه‌رگێڕانی شیعر كۆمه‌ڵیك جیاوازی له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی ده‌قه‌كانی تری ئه‌ده‌بی هه‌یه، ئه‌و بنه‌مایانه چین كه بۆ وه‌رگێڕانی شیعر پێویستن؟
له بنه‌مای وه‌رگێڕاندا زۆر جیاواز نین. واتا له هه‌ردوو به‌شدا تۆ ده‌بێ شاره‌زای ئه‌و بواره بیت كه خه‌ریكی وه‌رگێڕانی تێدا ده‌كه‌یت. بۆ نموونه تۆ بۆ ئه‌وه‌ی شیعری حافزی شیرازی بكه‌یت به كوردی، ده‌بێ له‌پێشدا شاره‌زای ئه‌و ئاماژه و ناوانه بیت كه له شیعره‌كانیدا باسی كردوون، واتا تۆ به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌یان كتێبت له‌باره‌ی پێشینه‌ی بیر و باوه‌ڕ و فكری ئێرانی له سه‌ده‌ی چوار و پێنجی كۆچییه‌وه بخوێنیته‌وه، ناتوانی له شیعری حافز بگه‌ی. كه تێی نه‌گه‌یشتی، وشه‌كان بۆ تۆ ده‌بن به كۆمه‌ڵێك وشه‌ی نامۆ و ده‌بێ بچی له فه‌رهه‌نگی زمانی فارسی‌دا بگه‌ڕێی بۆ ئه‌وه‌ی بزانی واتای چییه. به‌ڵام فه‌رهه‌نگی زمان پێت ناڵێ له پشته‌وه‌ی هه‌ركام له‌و وشانه چ پێشینه‌یه‌ك هه‌یه. تۆ ئه‌گه‌ر له شیعرێكدا تووشی وشه‌ی “خوێنی سیاوه‌ش” بووی، ده‌بێ پێشتر زۆرت خوێندبێته‌وه تا بزانی خوێنی سیاوه‌ش ئاماژه‌یه به چی و چۆن ده‌توانی بیكه‌ی به كوردی. وه‌رگێڕان له كوردیشه‌وه بۆ زمانی تر هه‌ر وایه. تۆ وای دابنێ كه‌سێك هاتووه كوردی فێر بووه و ده‌یه‌وێ ئه‌م شیعره‌ی نالی وه‌ربگێڕێته سه‌ر زمانه‌كه‌ی خۆی:
داخڵ نه‌بی به عه‌نبه‌ری سارایی خاك و خۆڵ
هه‌تا نه‌كه‌ی به خاكی سوله‌یمانییا عوبوور
ئه‌گه‌ر كه‌سێك، وه‌رگێڕێك كه كوردی هه‌ر به‌شی قسه‌ی ڕۆژانه فێر بووه و بیه‌وێ ئه‌م شیعره‌ی نالی به یارمه‌تیی قامووس وه‌ربگێڕێ، قامووس پێی ده‌ڵێ “خاك و خۆڵ” یانی تۆز و خۆڵ.
یان حاجی قادر ده‌ڵێ:
وه‌ك خێوه و بوخارا، ناڕوا به‌ڵا به هیممه‌ت
ڕه‌فعی بكه‌ن مه‌شایخ، ده‌فعی بكه‌ن مه‌لاتان
هه‌ر میرێ كه‌وته شوێنی یه‌ك دوو كه‌سی ڕه‌ش و ڕووت
خه‌ڵكی به موور ده‌زانێ، خۆی حه‌زره‌تی سوله‌یمان
ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌وه وه‌ربگێڕێته سه‌ر زمانێكی تر و نه‌زانێ له “خێوه و بوخارا” له مێژوودا چ ڕووی داوه و حاجی قادر باسی چ ده‌كا، بێگومان ناتوانێ له ڕووی قامووسه‌وه به چاكی شیعره‌كه وه‌ربگێڕێ. ئه‌گه‌ر بۆ مانای “ڕه‌ش و ڕووت”یش له قامووس بڕوانێ و نه‌زانێ له كوردستان به خه‌ڵكی هه‌ژار و ده‌سكورت ده‌ڵێن ڕه‌شوڕووت، له‌وانه‌یه قامووس وشه‌كه‌ی بۆ به كه‌سی ڕه‌شتاڵه مانا بكاته‌وه كه جلی له‌به‌ردا نییه. له باسی “موور” و “سوله‌یمان”یش قامووس شتێكی زۆرت پێ ناڵێ، له كاتێكدا حاجی قادر به‌م ئاماژه كورته مانایه‌كی قووڵی ده‌ربڕیوه.
لە زمانەكانی دنیا بۆ هەموو دەقێك یەك جۆری زمان بەكار ناهێنرێت. بۆ نموونە ئەگەر تۆ بێی لە زمانی فارسییەوە وەربگێڕی، زمانی ئەحمەدی شاملوو لە شیعردا جیاوازە لەگەڵ زمانی مەهدی ئەخەوانی سالس. ئەم بە زمانێك دەنووسێ هەوڵ دەدا شێوەی دەربڕینی شانامەی فیردەوسی لە شیعری نوێ بنیات بنێتەوە و بە زمانی باستانی كە لە سەردەمی فیردەوسیدا هەیە شیعر بنووسێت، ئەحمەدی شاملوو لەگەڵ ئەوەی پشت دەبەستێ بە پێشینەی زمانی فارسی، كە لە پرسەكانی كۆمەڵگا دەدوێت كە ئەمڕۆییترن زمانێكی تر بەكار دەهێنێت. كاتێك كەسێك بەرهەمی ئەو دوو شاعیرە وەردەگێڕێتە سەر زمانی كوردی، ناتوانێ بە یەك زمان هەردووكیان وەربگێڕێت، ئەگەریش هەر بە یەك زمان وەریگێڕان و لە كوردیدا هەردووكیانی وەك یەك داڕشتەوە، واتای ئەوەیە وەرگێڕانەكەی وەرگێڕانێكی سەركەوتوو نییە. لە رۆمانیشدا زمانی مەحموود دەوڵەتئابادی جیاوازی هەیە لەگەڵ زمانی سادق هیدایەت، دەبێ بزانی هاوتای ئەو زمانە ئەدەبییە لە زمانی كوردیدا چییە. هەر وەك لە كوردیدا زمانی سوارەی ئیلخانیزادە جیاوازە لەگەڵ زمانی گۆران و شێركۆ بێكەس و، زمانی شێركۆ بێكەس جیاوازە لە زمانی چاوە و عەلی حەسەنیانی. ئەگەر كەسێك شیعری شێركۆ بێكەسی بۆ نموونە كرد بە فارسی، لە هەمان كات شیعری سوارەشی كرد بە فارسی، ئەگەر هەردووكیانی وەك یەك دەربڕیبێت، ئەوە دەبێ بزانین وەرگێڕانەكەی سەركەوتوو نییە.
سەرچاوە: وشە