ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق هەڕەشەی لە تورکیە کرد کە بێتوو هێزەکانی خۆی لە نێو خاکی ئەو وڵاتە نەکێشێتەوە، بەغداد ناچارە رێگەچارەی نیزامی بگرێتە بەر.
بە گوێرەی هەواڵی هەواڵدەری ئاسۆشیتێدپرێس، جەعفەری ئەو قسانهی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی بەفرانبار لە پرێسکۆنفڕانسێکدا کردو گوتی: بەغداد هەموو ڕێگایەکی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری کێشەی داگیرکاری تورکیە دەگریتە بەر، بەڵام ئەگەر دوا ڕێگەچارە بەکارهێنانی هیز بێ، ئەوان ناچارین بۆ پارێزگاری لە خاکو وڵاتو گەلەکەیان بیگرنە بەر.
ئەو قسانهی وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوە هات کە حەوتووی ڕابردوو یەکێک لە کاربەدەستانی حکومەتی تورکیە ڕایگەیاندبوو کە تورکیە ئەو یەکە نیزامییانهی بۆ پارێزگاری لە سنوورو بەرژەوەندییەکانی ناردۆتە نێو خاکی عێراقو تا ئەو کاتە دڵنیا نەبێ کە هیچ مەترسییەک لە سەر سنوورەکانی نیە، هێزەکانی لە نێو خاکی عێراق ناکێشێتەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە تورکیە ماوەیەک لەمەوبەر چەندین یەکەی نیزامیی خۆی لە ناوچەی باعشیقە لە باشووری کوردستانو نزیک شاری موسڵ جێگیر کردو چەندین بنکهی نیزامیی گەورەی لەو ناوچەیە کردهوه. هەرچەندە ئانکارا دەڵێ کە ئەوان بە ئاگاداری بەغدا چوونەتە ناوچەی باعشیقە، بەڵام حکومەتی عێراق حاشا لهوه دهکاو دەڵێ کە ئەوان هیچ ئاگادارییەکیان لە هاتنی ئەو هێزەو مەبەستەکانی نیە.
هەڕەشەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتێک دایە کە ماوەیەک لەمەوبەریش سەرۆک وهزیرانی عێراق مۆڵەتی دوو کاتژمێری بۆ ئەو هێزانەی تورکەی دانا کە خاکی عێراق جێ بێڵنو بگەڕێنەوە ئەو دیو سنوورە قانوونییهکانی نێوان ئهو دوو وڵاته؛ بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ هەزاران سەربازی سپای تورکیە لە چەندین شوێنی باشووری کوردستان کە کاربەدەستانی بەغدا بە باکووری عێراق ناوی دێنن جێگیرن.