وەزیری دەرەوەی کانادا ڕایگەیاند، ئەگەر بە لێکۆڵینەوەکان لە بارەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە ڕازی نەبین، لە دادگای نێودەڵەتی سکاڵا لەسەر ڕێژیمی ئێران تۆمار دەکەن.
فرانسوا فیلیپ شامپاین، وەزیری دەرەوەی کانادا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “بیبیسی” فارسی ڕایگەیاندووە، ئەگەر لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە تەواوبێت و ئەوان بە ئەنجامەکەی ڕازی نەبن، لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر ڕێژیمی ئێران تۆماردەکەن.
ڕۆژی 8-1-2020ی زایینی فڕۆکەیەکی ئۆکراینی بە 176 سەرنشینەوە کە زۆربەیان هاووڵاتی ئۆکراین و کانادا بوون، لە ئاسمانی تارانی پێتەختی ئێران کەوتە خوارە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان ڕایگەیاند، کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بەهۆی کێشەیەکەوە بووە لە بزووێنەری فڕۆکەکەدا، پاشان کانادا و ئۆکراین قسەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیان لەبارەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەوە ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند کە زانیارییان هەیە فڕۆکەکە بە مووشەک لێیدراوە.
سێ رۆژ دوای رووداوەکە سەردار حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، کە بەهۆی هەڵەی کەسێک لە هێزی ئاسمانی سپای پاسداران، مووشەک ئاراستەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە تا ئێستاش لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە بەردەوامە و هەریەک لە وڵاتانی ئۆکراین و کانادا بە وردی چاودێریی پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە دەکەن و لە سەرەتای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکاندا ڕاگەیێندرا کە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە دوو ساڵ دەخایێنێت.
لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی ڕابردوو هەڕەشەی لە کانادا کرد و وتی: با کانادا سنووری خۆی بزانێ ئەگینا وڵامی توندمان بۆ ئەو وڵاتە دەبێ.