هەواڵدەریی بلۆمبێرگ بڵاوی کردۆتهوه که ئێران بە بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوت هیوادارە بتوانێ لە ساڵی داهاتوودا ئابووریی تێكتهپیوی وڵاتەكەی پاش هەڵگیرانی گەمارۆكان ببووژێنێتهوه.
لە حاڵێكدا كە ئابووریی تێكتهپیوی ئێران ئێستاش بەدەست كەموكۆڕییەكانییەوە دەناڵێنێ، بەڵام بلۆمبێرگ ئاشکرای کردوه که لەمساڵدا بوودجەی ئامانجە ژئۆپۆلیتیكەكانی ئێران، وەك یارمەتیدانی حیزبۆڵڵا، حەماسو سووریە بە شێوەیەكی بەرچاو لە بوودجەی پلاندانانی ئابووریی ئێران زیادی کردوهو زۆربەی چاوهدێرانی سیاسی لەسەر ئەم بڕوایەن كە ئەگەر لە ساڵی داهاتوودا داهاتەكانی نەوتی ئێران بەرزبێتەوە، ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێ.
سەرەڕای ئەوەی كە ئێران دابەزینی نرخی نەوت بۆ ساڵی داهاتووی پێشبینی کردوهو بوودجەی ساڵی داهاتووشی له سهر بنهمای نەوتی ٣٥ دۆلاری بۆ ههر بۆشکهیهک لەبەر چاو گرتووە، بلۆمبێرگ لە زمان بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوت نووسیویهتی ئێران پێداگرە كە هەناردەی نەوتی خۆی تا ئاستی پێش گەمارۆكان بەرز بكاتەوە.
هێندێك لە چاوهدێرانی سیاسی دەڵێن بیژهن زەنگەنە لە ستراتیژییەكی سێ بۆعدی كەڵك وەردەگرێ.
ئەمە دەردەكەوێ كە ناوبراو لە هەوڵی ئەوە دایە كە پاش گەمارۆكانو لە كورت ماوەدا، لانیكەم هەناردەی نەوتی ئێران ڕۆژانە بۆ ٥٠٠ هەزار بۆشكە بەرز بێتهوه، دوایهش به داشكانی زیاتر لە بازاڕ نەوتدا نهوتی وڵاتەكەی بفرۆشێو بە كڕینو دروستكردنی پاڵاوگەی نەوت لە وڵاتانی هاوردەی نەوت، فرۆشتنی نەوتی خۆی مسۆگهر بکا.