لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا لانی کەم ٤٨ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەو ٤٨ کەسە ١٨ کەسیان کوژراون و ٣٠ کەسیش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز، کوژران و برینداربوونی ٤٨کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی پاییزی ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە له سێ مانگی هاوینیشدا لانیکەم ٦٨ كۆڵبهر و لە وەرزی بەهاریشدا ٥٨ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرابوون و بریندار ببوون؛ بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە پێناو پارووە نانێک داناوە، گەیوەتە ١٧٤ کەس کە 67 کەسیان کوژراون و ١٠٧ کەسیش بریندار بوون.
هەروەها هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا تەقەیان لە دوو شوان لە ناوچەکانی بانە و ماکۆ کردووە کە ڕەزا قوولکانوو خەڵکی گوندی “زەلکەی ژووروو” کوژرا و کیوان قادرپوور لە بانە بە توندی بریندار بوو. ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەریش هێزە ئینتزامییەکانی شاری شەهریار سەر بە پارێزگای تاران لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سنەیان بە ناوی “کەژوان ئەڵماسی” لە میوانییەکی شەوانە دەستبەسەر کرد و دوای دەستبەسەر کران لە پشتەوە تەقەیان لێ کرد و کوشتیان. لە کردەوەیەکی جینایەتکارانەی دیکەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەر هێزە ئینتزامییەکانی پایگای دەوڵەتئاوای کرماشان ئۆتۆمبێلێکی جۆری “پژۆ ٤٠٥”یان دایە بەر دەستڕێژی گوللە کە لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی “ئەشکان عەزیزی” بووە گیانی لە دەست داوە و مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانیش بە ناوی “بورهان عەزیزی” بە سەختی بریندار بوو.











