بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ کارێکیان سەبارەت بە پێکوتەی کۆرۆنا نەکردووە و بەنیسبەت وڵاتانی دراوسێ زۆر دواکەوتوون.
ناوەندی گشتیی پزیشکی ڕێژیم لە ڕاگەیەندراوێکدا بەفەرمی ڕووبە خەڵکی ئێران ڕایگەیاند. ئەم دەسەڵاتدارانەی ڕێژیم بانگەشە دەکەن کە سەرقاڵی دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنان و بە زووترین کات دەیخەنە بازارەوە، بەڵام هەموو قسەکانیان درۆ و پڕوپاگەندەن و دەیانهەوێ بەو شێوەیە گیانی خەڵکی ئێران زۆرتر بخەنە مەترسییەوە.
حوسێن کرمانجپوور وتەبێژی ناوەندی گشتیی پزیشکی ڕێژیم گوتی: لە ئێران پێنج کۆمپانیا لەسەر بەرهەمهێنانی پێکوتە کار دەکەن، کێشەی گەورەی وڵات ئەوەیە کە ئێمە لەڕاستیدا توانای بەرهەمهێنانی پێکوتەمان نییە لەبەرئەوەی ناتوانین بەهۆی گەمارۆکانەوە هیچ کەلوپەلێکی پێکوتە دابین بکەین.
کرمانجپوور هەروەها گوتیشی: ئەگەر ئەو پێکوتەیە بگاتە وڵاتی ئێمە یا لە وڵاتێکی دیکەوە هەناردەی ئێران بکرێت، بە دڵنیاییەوە بە هۆی گەندەڵی بەرپرسانەوە بەهەموو خەڵکی ئێران ڕاناگات.
حەمید سووری پسپۆڕی پزیشکی زانکۆی زانستیی بەهەشتی لەم بارەوە گوتی: بەیەک شەو ناتوانرێ بناغەی دروستکردنی پێکوتە دابنرێ، هەندێ کەس بانگەشەی بەرهەمهێنانی پێکوتە لە ئێراندا دەکەن ، بەڵام بناغەگەلی دابین کردن و پیشەسازیمان نییە.
سووری ئەوەشی زیاد کرد کە، بناغەکانی بەرهەمهێنانی پێکوتە بوودجە و کاتی زۆری پێویستە و دەبێ خەڵک ئەو هەواڵە بزانن کە کاربەدەستانی ڕێژیم بە ئاسانی ناتوانن پێکوتەی کۆرۆنا دابین بکەن، گرینگترین خاڵ ئەوەیە کە خەڵک بۆخۆیان دەبێ شێوەی ژیانی خۆیان بگۆڕن و چاوەڕێی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە نەبن.
ناوبراو گوتی: لە ئێستادا باسی پێکوتە لە کۆمەڵگەی ئێراندا زووە، لەبەرئەوەیکە پێکوتە هێشتا نەچۆتە بواری زانستییەوە و نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە لە ٥مانگی داهاتوودا ئەو پێکوتەیە لە دەرمانخانەکان بەردەست بێت.
هەروەها سووری ئەوشی زیاد کرد کە، زۆربەی ئەو بەرپرسانەی کە ئیدیعای بەرهەمهێنانی پێکوتەیان وەکوو هەوڵ ڕادەگەیاند، دوورە لە ڕاستی و تەنیا دەیانهەوێ ئەو پڕۆژەیە بکەن بە ناوی خۆیانەوە.
حەمید سووری لە درێژەدا گوتی: بەرپرسانی ڕێژیمی تاران لەم ڕاستایەدا هیچ کارێکیان نەکردووە و بەنیسبەت وڵاتانی دراوسێ زۆر لە دواکەوتوون، ئەمە لەکاتێکدایە کە وڵاتان بەرنامەی باشیان بۆ داهاتووی خۆیان هەڵچنیووە بۆئەوەی لە پێکوتەی کۆرۆنادا ئاکامی باشیان هەبێ و لە وڵاتانی دیکە دوا نەکەون.