حەسەن ڕۆحانی دەڵێ: دەبێ دەسەڵاتەکانی شۆرای نیگابان و خامنەیی سنووردار بکرێن.
حەسەن ڕۆحانی ڕەخنە لە شۆرای نیگابان دەگرێ و دەڵێ: جێگە و پێگەی سەرۆککۆمار لە ئێراندا لە کوێیە؟.
شەڕی نێوان دووباڵی دەسەڵاتدار لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ و ڕۆحانی زیاتر ڕەخنە لە مەجلیس و شۆرای نیگابان دەگرێ.
لە درێژەی شەڕی دەسەڵات لە نێوان دووباڵی دەسەڵاتدار لە ئێران، حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆماری شیکردەوە و گوتی: چاوەدێریکردنی کارکردی وەزیرەکان کاری مەجلیس نییە.
ڕۆحانی بە ڕەخنەگرتن لەو بەربەستگەلەی کە ڕێگایان لە کار و چالاکییەکانی وەزیرەکانی گرتووە گوتی: چاوەدێری کردنی ئەندامانی دەوڵەت، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی نوێنەرانی مەجلیس دا نییە و لە هیچ شوێنێکی یاسایی بنەڕەتیدا شتێکی بەو جۆرەمان نییە.
ناوبراو لە دانیشتنی” مافی بنەڕەتیی هاوڵاتی” گوتی: جاروبار دەبیسم کە نوێنەرانی مەجلیس دەڵێن دەبێ چاوەێری کاروباری وەزیرەکان بکەین، کە ئەم جۆرە دەنگۆیانە پێشێلکردنی یاسایی بنەڕەتییە.
ڕۆحانی بە جەختکرنەوە لە سەر ئەوەیکە، چاوەدێری کردنی کاروباری وەزیرەکان، لە ئەرکەکانی سەرۆککۆمارە گوتی: نوێنەرانی مەجلیس و خودی سەرۆکی مەجلیسیش تەنیا دەتوانن لە وەزیرەکان پرسیار بکەن یان.
ناوبراو بە ڕەخنەگرتن لە بەرتەسککردنەوەی سنووری دەسەڵاتەکەی لە لایەن شۆرای نیگابانەوە ئاماژەی بە ماددەی ١١٣ی یاسایی بنەڕەتی ئێران کرد کە لەو ماددەیەدا سەرۆککۆمار دوای خامنەیی دووهەمین کەسی دەسەڵاتداری وڵاتە بەڵام شۆرای نیگابان کە سەر بە خامنەییە سنووری دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماریان بەرتەسک کردۆتەوە و زۆربەی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماریان گەڕاندۆتەوە لای خۆیان.
هەروەها ناوبراو دەڵێ: یاسایی بنەڕەتی ئێران ٣١ ساڵە و لەوکاتەوە کە عەلی خامنەیی وەکوو ڕێبەری کاتیی کردووە بە ڕێبەری هەتاهەتایی تا ئێستا دەستکاری نەکراوە و دەبێ دەسەڵاتەکانی شۆرای نیگابان و خامنەیی سنووردار بکرێن.