وەجیهە شەریعەتی هاوسەری شەهید محەمەد محەمەدی ناسراو بە حەمەی حاجی، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی بوڵواناوای ناوچەی لەیلاخ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،ڕۆژی هەینی ٢٨ی سەرماوەزی٩٩ی هەتاوی، ژنە شەهیدێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی وەجیهە شەریعەتی سێ ڕۆژ لەوەپێش بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
وەجیهە شەریعەتی هاوسەری شەهید محەمەد محەمەدی ناسراو بە حەمەی حاجی، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە زستانی ساڵی ٦٠ لە کاتی هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەو ناوچەیە شەهید بوو.
شیاوی ئاماژەیە وەجیهە شەریعەتی کچی مامۆستا مەلا محەمەد شەریعەتی یەکێک لە مامۆستا نیشتمانپەروەرەکانی ناوچەی لەیلاخ، جیا لەوەی کە لە بنەماڵەیەکی دێموکرات خۆشەویست لە دایک بوو، بۆ خۆشی کەسێکی دڵسۆز و تا سەر وەفادار بە ئامانج و ڕێگا و ڕێبازی هاوسەرە شەهیدەکەی مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری وەجیهە شەریعەتی دەکا و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.