کۆمەڵگەی ڕوحانییەتی قوم بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک “مەحموود ئەمجەد” مامۆستای بەناوبانگی ناوەندی زانستە ئایینییەکانی قوم، کە بە لە سێدارەدانی ڕوحوڵڵا زەم ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و هێرشی کردبووە سەر خامنەیی، وەک کەسێکی گێل و نەزان ناویان برد.
شایانی باسە مەحموود ئەمجەد، مامۆستای بەناوبانگی ناوندی زانستە ئایینییەکانی قوم، کە پێشتر لە لاپەرەی تایبەتی کەسیی خۆی لە تویتێردا ناڕەزایەتیی خۆی بە لە سێدارەدانی ڕوحوڵڵا زەم دەربڕیبوو و نووسیبووی:” خامنەیی بەرپرسی تەواوی ئەو خوێنانەیە کە لە ساڵی ٨٨ی هاتاوییەوە تا ئێستا ڕژاون و داوای لە ناوبراو کرد کە تۆبە بکا و بە چاکسازیی لە یاسای بنەڕەتیدا ڕێگە بدات خەڵک بە ئاسایش و ئازادی بگەن”.
جێگای ئاماژەیە ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، ڕوحوڵڵا زەم، زیندانیی سیاسی و بەڕێوەبەری کاناڵی تلگرامیی “ئامەد نیوز” لە بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج لە سێدارەدرا کە کاردانەوەی زۆری نێوخۆیی و دەرەکیی لێکەوتەوە.