ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی حاجی ئەفسەر خانم جەوانمەردی قازی ئەندامێکی تێکۆشەری دێموکرات لە مەهاباد کۆچی دوایی کردووە.
خاتووحاجی ئەفسەر خانم لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر پێگەیشت و پەروەردە بوو. ناوبراو نەتەنیا ناوێکی دیار لە نێو ژنانی خانەدانی مەهاباد، بەڵکوو یەکێک لە کەسایەتییە بە هەڵوێست و ئازا و خۆڕاگرەکانی شاری مەهاباد بوو. ئازایەتی و خۆراگرییەکەی لە باوکیەوە فێر ببوو کە نزیک بە حەوت ساڵ ژیانی خۆی ئازایانە لە زیندانەکانی ڕێژیمی پاشایەتیدا بە سەر برد و کوڕێکیشی لە دەیەی ٦٠ی هەتاوییدا زیاتر لە چوار ساڵی تەمەنی لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەسەر برد.
“عەموویی”، سیاسەتمەداری ناودار، لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ناوبراوی بە ڕەمزی خۆڕاگری لەقەڵەمداوە. ئەم بنەمالەیە بەگشتی هۆگری کوردایەتی و شۆڕش بوون و لەپێناو ئازادی و ڕزگاری گەلەکەیاندا سەختی و زەحمەتێکی زۆریان کێشا. چالاکییەکانی ئەفسەر خانم لە سەردەمی شوڕشی گەلانی ئێراندا دیار و بەرچاون و دواتر و بەر لە شۆڕشیش ژنێکی خاوەن هەڵوێست و بە ئیرادە بوو.
حاجی ئەفسەر خانم حورمەت و ئیحتیرام بەرامبەر بە چینی هەژار و چەوساوە لە مەکتەبی سوڵتان خانمی دایکی و ئاغای سالار و ئاغای سەیفی باپیری فێر ببوو. دینداری و ڕاستگۆیی و پابەندی بە بەها مرۆییەکان ئەوی کردبووە جێی ڕێز و متمانەی خەڵک. ماڵداری، میوانگری، پابەندی بە بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان، ڕاستگۆیی، وەفاداری، ئازایەتی و فیداکاری شکۆیەکی تایبەتیان بە حاجی ئەفسەر خانم بەخشیبوو و هەموو کەس بە چاوی ڕێزەوە سەیری دەکرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی حاجی ئەفسەرخانم و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.












