خەڵکی دڵسۆز و بە ئەمەگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یادی لە دایکیبوونی دوکتور قاسملوو و هاوکات شەهیدانی ئەو شەوەیان بەرز ڕاگرت و بەو بۆنەوە ڕێوڕەسمی تایبەتییان بەڕێوە برد.
هەموو ساڵێک لە شەوی یەڵدا،یەکەم شەوی وەرزی زستان، کە بە درێژترین شەوی ساڵ ناودێر کراوە و شەوی لەدایکبوونی ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی ئازادیخوازیی و مافویستیی کوردستان( دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو) ڕێبەری ناوداری کوردە و هاوکات وەبیرهێنەرەوەی جینایەت و کردەوەی تێرۆریستیی شەمشەمەکوێرە وتاریکپەرەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لەو شەوەدا پۆلێک پێشمەرگەی ئەوینداری ئازادی نیشتمان بەدەستی ڕەشی تێرۆریستانی ئەو ڕێژیمە و لە کردەوەیەکی تێرۆریستیی قیزەوندا لە بەردەم قەڵای دێموکرات شەهید بوون و گیانیان بەختی ڕزگاری نەتەوە و نیشتمانەکەیان و ئامانجە پیرۆزەکانیان کرد.
خەڵکی کوردستان و ئەویندارانی ڕێگا و ڕێبازی دێموکرات لە بست بە بستی ئەم نیشتمانەدا وێڕای پەیمان نوێکردنەوە و وەفاداری بۆ سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بە تایبەت گوڵاڵەسوورەکانی شەوی یەڵدا لەبەردەم قەڵای دێموکراتدا لە کۆیە، یادی لە دایکبوونی بالوێزی ئاشتی و ڕێبەری دیاری گەلەکەمان بە شێوە و بۆنە و ڕێوڕەسمی جیاجیا بەرز ڕادەگرن و ئەمساڵ زیاتر و بەربڵاوتر لەساڵان بەپیلی ئەو ڕۆژەوە چوون و بزەی هیوایان کردە قەڵغانی خەمی لەدەسچوونی ڕۆڵەکانیان و خۆری وەفاداری و پەیمان نوێکردنەوە و خەباتیان لە یەخەی ئامانجەکانیان دا و سەلماندیان کە کورد و کوردستان نەسرەوتن تا سەرکەوتنی کردۆتە دروشم و پانتایی چالاکی و خۆشەویستیی دێموکرات و ڕێبەرەکانی ڕۆژبەڕۆژ بەربڵاوتر و زیاتر دەبێ.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەمساڵ لە لوڕستانەوە تا ماکۆ و خوراسان و شارەکانی دیکەی دەرەوەی کوردستانیش، خەڵکی کورد و ئەندامان و لایەنگرانی ئازا و وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر بوێرانە و ئەمەگناسانە یادی ئەو بۆنەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت و بە چالاکیی و ڕێوڕەسمی جیاجیا هەستی خۆیان دەربڕێوە کە بەشێکی بە دەستی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات کوردستان گەیشتووە.
لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پڕ بەدڵ وێڕای پیرۆزبایی لەدایکبوونی ڕێبەری مەزنمان لە خەڵکی کورد و پەیمان نوێکردنەوە لە گەڵ ڕێگا و ڕێبازی شەهیداندا، دەستخۆشی و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەین و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە تاوات دەخوازین.