ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دهڵێ بەشێکی زۆر کەمی خاکی هەرێمی کوردستان لە ژێر دەستی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا ماوەتەوە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند کە بۆ بەشداری لە عهمهلیاتی ئازادکردنی شاری موسڵ دەبێ دانیشتنێک ھەبێ لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراقو ھێزەکانی ھاوپەیمانانو ھێشتا ئەم دانیشتنەش نەکراوە.
جەبار یاوەر ئهوهشی گوت که رۆژی سێشەممە، ٨ ی بهفرانبار شاندێکی ههرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان کۆبوونهتهوه و لهو دانیشتنهدا بابهتی مەشقکردن بە پێشمەرگەو پێداویستییەکانی هێزی پێشمهرگه تاوتوێکراوە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها ئاشکرای کردوە، کە زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکان رزگارکراونەتەوە و ئێستا سهدی ٣ ی خاکی ھەرێمی کوردستان لە ژێر دەستی داعشدا ماوەتەوە.
جێی بیرهێنانهوهیه که دوای شکستی سوپای عێراق لە پارێزگای نەینەواو داگیرکردنی ناوچەکانی ئەو پارێزگایەو بەشێکی ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٩٣، بەشێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش داگیرکران، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئەو ناوچانەیان رزگار کردەوەو دوایین ناوچەش کە رزگارکرایەوە، شارۆچکەی شنگال بوو.