بە دوای هیرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ، ئەمریکا هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کرد.
فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە دوای هێرشی مووشەکیی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بە فەرماندەی ئەرتەشی عێراقی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، تووشی مەترسی بێتەوە، ئەمریکا وڵامێکی توندی ڕێژیمی ئێران دەداتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی ئەلعەرەبییە،” ژنێراڵ فرانک مەکێنزی”، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەوی یەکشەممە٣٠ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، بە فەرماندەی ئەرتەشی عێراق” عەبدولئەمیریاروڵڵا”ی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا، وڵامی هەموو جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر هێز و بنکە و بارەگاکانی دەداتەوە.
مەکێنزی لە وتووێژ لە گەڵ فەرماندەی ئەرتەشی عێراق جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە بەردەوام بوونی هێرشی مووشەکیی بۆ سەر باڵویزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هێزە هاوبەشە نێونەتەوەییەکان لە عێراق، هۆکارەکەی ئەوەیە کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هۆشدارەکانی ئەمریکا بە جیددی وەرناگرن.
هەر لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی” فرانس پرێس” لە زاری بەرپرسی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران بیهەوێت لە ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودسی ڕیژیمی ئێران، هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە عێراق ئەوە ئەمریکا وڵامێکی توندی سەربازیی بۆ رێژیمی ئێران دەبێ.
هەروەها فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئێمە ئامادەین بە هەموو هێزمانەوە بەرگری لە هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا بکەین و ڕووبەڕووی هەر هێرشێکی ڕێژیمی ئێران دەبینەوە.












