خەڵکی گوندی چنار مەحموودی سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، کە ١٤ مانگ لەمەوبەر بە هۆی دەرزی تێکەڵاو بە ئەیدز تووشی ئەو ڤایرۆسە ببوون، داوای دەست لە کارکێشانەوەی بەرپرسانی تەندروستیی ڕێژیم لەو پارێزگایەن.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی گوندی چنار مەحموودی لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، بە بڵاوبوونەوەی ڤایروسی ئەیدز لەو ناوچەیە بەهۆی بەکارهێنانی دەرزی بەکارهێنراو، تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون، بۆ جارێکی دیکە خوازیاری دەست لە کارکێشانەوەی بەرپرسانی دەوڵەتی ڕوحانی بوون.
خەڵکی گوندی چنار مەحموودی، لە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشم بە دژی بەرپرسانی حکوومەتی و داوای دەستلەکارکێشانەوەیان ڕێگای سەرەکی گوندەکەیان داخست.
ڕەزبەری ساڵی ٩٨ هەتاوی خەڵکی ئەو گوندە لە بەر دەرگای وەزارەتی تەندروستی و فەرمانداری شاری لۆردگان بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بەکارهێنانی دەرزی تێکەڵاوی ئەیدز، لە تاقیکردنەوەی نەخۆشی شەکرەدا و تووشبووانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بە “ئەیدز” کۆبوونەوە و خوازیاری دادگاییکردنی ئەو کەسانە بوون کە هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو ڤایرووسە لە نێو خەڵکدا بوون بەڵام وەزارەتی تەندروستی هۆکاری بڵاوبوونەوە ئایدزی لەو ناوچەیە ڕەتکردەوە.
سەعید نمەکی وەزیری تەندروستیی ڕێژیم لە نامەیەکدا بۆ دادئەستێن نووسیبووی کە:”چەنار مەحموودی ناوەندی تووشبووان بە ماددە سڕکەرەکان و کەسانێکە کە پێوەندی نەشیاویان هەیە”.
عەلی ئەکبەر حەقدووست، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەکانی زانستە پزیشکییەکانیش لە خەزەڵوەری هەمان ساڵدا ڕایگەیاند کە لۆردگان و چنار مەحموودی، وەک ناوەندی ئایدز لە ئێراندا ناوبرد ئەو قسانە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئەو گوندە لە ئەنجامی خەمساردیی و گرینگی پێنەدانی کادری دەرمانی بنکەی تەندرووستی تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و بەرپرسان بە جێگای ئەوەیکە ئەنجامدەرانی ئەو کارە سزا بدەن خەڵکی بێ تاوان تاوانبار دەکەن.