لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێێ هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەز، دەسفرۆشەکانی شاری سنە لە بەردەم دەفتەری شۆرای شاری ئەو شارە کۆبوونەوە و خوازیاری ئەوە بوون وڵامی داواکاریەکانیان بدرێتەوە، دەسفرۆشان لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایانگەیاند کە داوای ئێمە لە کاربەدەستان ئەوەیە کە لە دۆخی خراپی ئابووریی ئێمە لە ئێستادا لە بەرچاو بگرن و بەشێک لە دەسفرۆشانی سنە سەرە ڕای ئەوەیکە مەدرەکی لیسانس و کارناسیی باڵایان هەیە بەڵام لە بەر دۆخی خراپی ئابووریی و بێکاری ناچارن لە شوێنی هاتۆچووی خەڵک و شوێنە قەرەباڵغەکان دەسفرۆشی بکەن.
هەمان ڕۆژ بەشێک لە کرێکارانی شیرکەتی ئاووئاوەڕۆی خووزستان لە بەر دەرگای ئەو شیرکەتە کۆبوونەوە داوای پێڕاگەیشتن بە مافی بیمە و مووچە دواکەوتووەکانیان کرد.
هەروەها خوێندکارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی یاسووج لەو زانکۆیە کۆبوونەوە وداواکاری بەڕێوەبەردنی تاقیکاریی بە شێوەی ئۆنلاین بوون و ڕایانگەیاند کە تاقیکارییەکان بەهۆی مەترسیی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی کۆرۆنا نابێ بە شێوەی کۆبوونەوە و قەرەباڵغیی بەڕێوە بچێ.
لە درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکاندا کرێکارانی شارەداری بەندەرعەباس ٤ مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتووە و شارەداری سیدوون لە پارێزگای خووزستان داوای حەقدەستی ٨ مانگەی خۆیان کرد کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە پێیاننەدراوە
هەر لەو پێوەندییەدا شۆفیر ئوتوبووسەکانی نێوشاری ورمێ کە بەهۆی پەرەسەندنی کۆرۆنا کارکردنیان ڕاگیراوە خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داواکاریەکانیان بوون و ئەو زیانگەلەی کە لێیانکەوتووە بۆیان قەرەبوو بکرێتەوە.