سەرەڕای زەخت و گوشاری زیاتری هێزەسەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر خەڵکی کوردستان ئەمساڵ بەربڵاوتر و بەرینترلە ساڵان، خەڵکی کورد بۆنە و هێما نەتەوەییەکانی خۆیان وەبیر هێنایەوە و ڕێزیان لەو ڕۆژ و هێما پیرۆزانە گرت.
لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز( ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان) ئەمساڵ بەرینتر لە جاران هەر لە لوڕستانەوە تا ماکۆ چالاکیی بەربڵاو و بوێرانەی خەڵکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری کوردستان داگیرکەری زیاتر لە جاران بێهیوا کرد و بۆ دۆست و دوژمن ڕوون و ئاشکراتر بۆوە کە داگیرکەر و زۆردار لە بستێکی ئەو خاکەدا جێگای نابێتەوە و ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە زۆر چالاکانە و چاونەترسانە و ژیرانە ئەرکەکانی خۆیان ڕادەپەڕینن و هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەرەستییان شاگەشەی کردووە و ئامادەن بۆ هەر قوربانیدان و گیانفیداییەک لە پێناو نەتەوە و نیشتمانەکەیاندا.
هاوڕییانمان لە نێوخۆی وڵاتەوە سەلماندیان کە شار و گوندەکانی کوردستان پڕاوپڕە لە پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگی ئەم نیشتمانە و چالاکییەکانیان لە شووێنە گشتییەکانی شار و گوندەکاندا هەرلە نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕی و نەتەوەییەوە بگرە تا بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی پێشمەرگە و ڕێبەرانی شەهید و ناردنی گرتە ڤیدیۆی تایبەت و هەروەها هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە تایبەت لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستاندا سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە خەبات بەگوڕتر و بەهێزتر لەجاران و ئەمجارە لەو شوێنە هەستیار و مەترسیدارانەی کە دوژمن خەیاڵیشی بۆی نەدەچوو بەردەوامە و دوژمن و داگیرکەر هیچکات ناتوانن لەبەرامبەر ورەی پۆڵایینی ئازادیخوازی و مافویستیی خەڵکی کورددا بوەستن و ناچارن بە شکان و داڕزین و دەرچوون لەم وڵاتە.
لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە شانازییەوە دەسخۆشی بو پێزانینی خۆمان دەکەینە چەپکەگوڵێکی ڕێز و خۆشەویستی بۆ هاوڕییانی ماندوونەناس و بەئەمەگی خۆمان لە سەرتاسەری کوردستانی داگیرکراوماندا و دڵنیایان دەکەینەوە کە بە بوونی ئێوە و لە ژێر ئاڵای کوردستاندا و بە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕزگاری نەتەوە و نیشتمانەکەمان لە ژێر دەستی داگیرکەردا زۆر نزیکە و هیواکان چرۆیان کردووە بۆوەرزی ئازادی و سەربەستی.