دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لە سێدارەدانی چالاکانی بەلووچ، کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤی ئێرانی کەمپەینێکی گەورەیان بۆ ڕەخنە گرتن لە سزای سێدارە کە لەلایەن بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو ولاتەوە بەڕێوە دەچی، ڕیخستووە و کۆماری ئیسلامییان بە “ڕێژیمی پەت وسێدارە” وەسف کردووە.
لەم نێوانەدا شیرین عیبادی پارێزەری مافی مرۆڤی ئێرانی و خاوەنی خەڵاتی ئاشتی “نۆبێل”، لە وتووێژ لەگەڵ تەلەڤزیۆنی “ئێران ئینتێرناشناڵ” بەپشتڕاست کردنەوەی هەواڵی لە سێدارەدانی ٢چالاکی بەلووچ لە بەندیخانەی زاهیدان گوتی: لەگەڵ ئەو کەسەنای کە ڕێژیمی ئێرانیان بە ڕێژیمی پەت وسێدارە وەسف کردووە، هاوڕام.
ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، عەلی مستەفا نیا بەرپرسی گشتی دادگوستەریی سیستان و بەلووچستان، ڕایگەیاند کە ٢ بەندکراو لە بەندیخانەی زاهیدان لە سێدارە دران.
ناوبراو هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی ئەو ٢ بەندکراوە نەکردووە، بەڵام گوتی ئەوانە ٣ساڵ لەمەوبەر دەسبەسەر کرابوون، هەروەها ناوبراو تاوانی ئەو دوو بەندکراوانەی بە قاچاخی مادە هۆشبەرەکان ڕاگەیاند، بەڵام چالاکانی بەلووچ بە ڕێخستنی کەمپەینی “دژی سێدارە” گوتیان؛ لە تاوانی ئەو دووکەسەهیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.