کاک ئەحمەد خالیدی، برای شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، کاک”ئەحمەد خالیدی” خەڵکی گوندی شێنان سەربە شاری بانە و برای شەهید” ڕەسووڵ خالیدی” لە تەمەنی ٧٥ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
کاک ئەحمەد خالیدی، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆستدا لە گوندی شێنان چاوی بە دنیا هەڵێناوە و بە هۆی باوەڕی پتەوی بنەماڵەکەیان بە ئازادی کوردستان، کوڕێکیان بە ناوی شەهید” ڕەسووڵ خالیدی” پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە.
شەهید ڕەسووڵ خالیدی پێشمەرگەیەکی ئازا و فیداکار و چاو نەترس بووە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی گەلەکەیدا زۆر ئازا و بوێرانە شەڕی دەکرد و ڕووبەڕووی نەیارانی گەل و نیشتمانەکەی دەبوەوە کە بەداخەوە لە ساڵی ٦٢ی هەتاوی، لە شەڕێکی نابەرامبەردا لە گەڵ ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئێران لە بناری سوورکێو گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان دەکا و تێکەڵ بەکاروانی نەمرانی گەلەکەی دەبێ.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک” ئەحمەد خالیدی” سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.