ڕێژیمی ئێران، لە ترسی هێرشی ئاسمانی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسرائیل، بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی، بەشێک لەو دامەزراوانە دەگوازێتەوە بۆ سەر سنوورەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ئەلعەرەبییە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە ترسی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل ، دامەزراوە ناوکییەکانی “فۆردۆ” و بەشێک لە دامەزراوەی ناوکی “ئەراک”ی گواستۆتەوە بۆ تونێلە ژێر زەوینییەکانی سنووری ئازەربایجان و تورکمەنستان.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئەلعەرەبییەیان ڕاگەیاندووە کە “عەلی خامنەیی” ڕێبەری ئێران ئەم بڕیاری گواستنەوەیە داوە و فەرمانی بە سپای پاسداران کردووە کە زانا ناوکییەکان و بنەماڵەکانیان لە لایەن هێزی تایبەتی سپای پاسدارانەوە بگوازرێنەوە بۆ شارە کوێستانییەکان و بە چڕیی لە ژێر چاوەدێریدا بن.
هەروەها ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە گواستنەوەی دامەزراوە ناوکییەکان لە دوو مانگ پێشەوە دەستی پێکردووە و مانگە دەسکردەکان ئەم زانیاریانەیان خستۆتە ڕوو و گواستنەوەی بەشێکی گەورە لە بەرنامەی مووشەکیی ئێرانی بۆ کەرەج و کێوەکانی گورگان و گواستنەوەی بەشێکی دیکەی بۆ کێوەکانی مەریوان پشتڕاست کردۆتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێژیمی ئێران دە تونێلی ژێرزەوینی لە نزیک سەرپێڵی زەهاو هەڵقەندووە کە زیاتر لە ١٠٠ مووشەکی تێدا حەشار داوە.
شایانی باسە کە ئەم مووشەکانە لە نزیک سنوورەکانی عێراقەوە حەشار دراون جیاواز لە وەیکە دەتوانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج، نزیکترین شوێنی ئاراستە کردنی مووشەکە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق و سووریە.