لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و سەرەڕای هەوڵەکانی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر بنەماڵەی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی پیرانشار، بۆ بەڕێوە نەچوونی ڕیوڕەسمی چلەی ماتەمینییەکەی،بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک ڕێوڕەسمەکە بەڕێوەچوو.
دواینیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە٢٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی بە بەشداری زیاتر لە هەزار کەس ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی ” مەحموود خدری نەبی” لە ئاوایی ” کەوپەڕ” لە ناوچەی پیرانشار بەڕێوە چوو.
دەسپێکی ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی شێعر لە سەر گۆڕی کاک مەحموود و باس لە سەر کەسایەتی و نیشتمانپەروەری ناوبراو بەڕیوەچوو دواتر بەشداران لەو کۆڕە ماتەمینەدا بە نیشانەی وەفا گوڵیان لە سەر گڵکۆی ناوبراو دانا.
شایانی باسە کە بنەماڵەی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک” مەحموود خدری” لە گوندی کەوپەڕ کە دەیانویست ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی مەراسمی چلەی ماتەمین بۆ ناوبراو بەڕێوە بەرن و هەموو دۆستان و خزمانی خۆیان ئاگادار کردبووەوە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە تەلەفونیان بۆ دەکری و پێیان ڕادەگەینن کە نابێ بە هێچ جۆرێک ڕێوڕەسمی چلە بەڕێوە ببەن و خەڵکی بۆ کۆ بکەنەوە و لە ئەگەری جێبەجێنەکرانی بڕیاری ئیتلاعات هێزەکانی ئیتلاعات هەڵدەکوتنە سەر مەراسمەکەو بێڕێزی بە خۆیان و بە میوانانی بەشدار لە مەراسمەکەدا دەکەن، بەڵام بە هۆی پێداگری بنەماڵەی خوالێخۆشبۆ بۆ بەڕێوە چوونی مەراسمەکە پایەگای کەوپەڕ کورەکانی کاک مەحموود دەبەنە پاسگا و نامەیان لێوەردەگرن کە نابێ بە هیچ جۆرێک ئەو ڕێوڕەسمە لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو ببێتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ریژیم هەڵیانکوتایە سەر بەشدار بووانی ئەو رێورەسمە و کامێراوانەکەیان لە گەڵ خۆیان برد کە دواتر بە بارمتە ئازاد کراوە، بەڵام کامێراکەیان ڕاگرتووە.