پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی ئالانی سەردەشت، بە هۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەند ڕۆژ پێش پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی” محەممەد ڕەسووڵی” خەڵکی گوندی ڕەشەکانی ناوچەی ئالانی سەردەشت، بە هۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
کاک” محەممەد” ساڵی ٥٨ی هەتاوی، پێوەندی بە حیزبی دێموکرات لە ناوچەی ئالانی سەردەشتەوە دەگرێ و چەکی شەرەف و بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی دژ بە داگیرکەرانی کوردستان دەکاتە شان و دڵسۆزانە ئەرکە پێسپێردراوەکانی وەکوو پێشمەرگەیەک لەو ناوچەیە جێبەجێ دەکا و دەبێتە جێگای متمانەی هاوڕێیانی و هیوای گەلە بەشخوراوەکەی.
شایانی باسە کە کاک”محەممەد” لە مەئموورییەتێکی حیزبیدا و وێڕای دوو پێشمەرگەی دیکەی حیزبی دیموکرات لە گوندی سنجوی ناوچەی ئالانی سەردەشت بە هۆی خۆفرۆشێکەوە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە دیل دەگیردرێن و دوای زیاتر لە ساڵێک دەسبەسەر بوون بە هەوڵی شۆرای گوندی بێژوێ ئازاد دەکرێ بەڵام بۆ ماوەی دە ساڵ ئیزنی پێنادەن لەو ناوچەیە بمێنێتەوە و لە کوردستانی دوور دەخەنەوە و سەرەڕای ئەو هەموو گوشارەی کە لە سەری دەبێ وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی تاکاتی ماڵاوایی لە ژیانی مایەوە و دڵە گەورەکەی بۆ ئازادی کوردستان لێیدەدا.
پێویستە بگوترێ کە کاک”محەممەد” برایەکی بەناوی” موتەلیب ڕەسووڵی” بۆ ماوەی چەند ساڵێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە و ساڵی۷٦ی هەتاوی،لە قەڵاسەیدە بە هۆی خۆمپارەبارانی ڕێژیمەوە بریندار دەبێ و ئێستا وەکوو کەمئەندام لە دەرەوەی وڵات دەژی.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک” محەممەد ڕەسووڵی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.