نوێنەری وڵاتی لەهێستان لە پارلمانی ئورووپا ڕووبە ڕێژیمی ئێران دەڵێ: ئەو ڕێژیمە بەردەوام دەستی لە تێرۆر و کوشت و کوشتاری کۆمەڵگەی جیهانیدا هەیە و سەرکوتگەرترین ڕێژیمی دنیایە.
ڕادوسلاڤ سیکۆرسکی نوێنەری لەهێستان لە پارلمانی ئورووپا، لە وتەکانی دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی پارلمانی ئورووپا دژبە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانی بە “یواخیم فوون ڕیبێنتروپ” وەزیری دەرەوەی ئاڵمانی “نازی” شوبهاند.
سیکورسکی کە پێشتر وەزیری کاروباری دەرەوەی لەهێستان بووە، گوتی: من داواکارییێکم لە دیپلۆماتکارانی وڵاتی خۆم و سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا هەیە، کە جارێکی دیکە لەگەڵ “جەواد زەریف” کۆبوونەوە، لەبیرتان نەچێ کە ناوبراو نوێنەرایەتی چ جۆرە ڕێژیمێکی قێزەون دەکات.
ناوبراو هەروەها گوتی: ڕێژیمی ئێران بانگەشەی “دەوڵەتی ئیسلامیی” دەکات بەڵام بەوشێوەیە کە ئەو بڕیارنامەیە ڕوونی کردەوە ، ئەو وڵاتە یەکێک لە سەرکوتگەرترین ڕێژیمەکانی دنیایە و هەروەها پرسیارێکیش لە مەلاکانی تاران ئەویش ئەوەیە کە، ئەگەر ئێوە خودا دەپەرەستن و نوێنەرایەتی دەکەن، ئەی بۆچی سەرکوت، ئەشکەنجە، کوشتن و سێدارەتان کردۆتەوە پیشەی خۆتان و هۆگری تێرۆر و کوشتاری خەڵکی بێتاوانن.؟
سیکورسکی ڕووبە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران گوتی؛ ئێوە ئەو وڵاتەتان وێران کردووە و خەڵکەکەتان تووشی قەیرانی بژێوی ژیان کردووە و ژیانی خەڵکی ئێران لە مەترسیدایە، ئەگەر ئەو ڕێژیمە خوازیاری پێوەندی باشتر بێت و بیهەوێ گەمارۆکانی لەسەر لابچێ، دەبێ کۆتایی بە کوشتار، تێرۆر و سێدارە بهێنێ و ئەو کارەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی دەیکات کارێکی نامرۆڤانەیە.












