دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە لە سنوورەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە سەختی بریندار بوون.
بە پێی هەواڵی چاونیوز ،ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسداران، لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە و دوو کەس لەو کۆڵبەرانە بە سەختی بریندار بوون.
یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی “جەمیل ئەحمەدپوور” تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی حەوتتاش، بە سەختی بریندار بووە و تا ئێستا ناوی ئەو کەسەی دیکە نەزانراوە و بۆ چارەسەرکردنی برینەکانیان لە نەخۆشخانە لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دان.
شایانی باسە کە سالانە بە سەدان کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار دەبن یان گیانیان لە دەست دەدەن و جێی وەبیرهێنانەوەیە کە خەڵکی شارە سنووریەکانی ڕۆژهەڵات لە بەر بێکاری و بە ناچاری بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان ڕوو دەکەنە کۆڵبەری.