ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان ویبناریکی بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز( ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان) بۆ دوکتور “کوێستان گادانی” و بەشێک لە ئەندامان و کادیرانی حیزب لەو وڵاتە ڕێکخست.
سەرەتایی وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد، پاشان پەیامی کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنە پیرۆزەوە، لە لایەن هاوڕێ “خوسرەو قادری”، ئەندامی کۆمیتەکە پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەی نۆروێژدا وێڕای باس لە قارەمانییەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە هاتبوو: ئێستا خهباتی نهتهوهی ئێمه به قۆناخێکی ناسک و چارهنووسسازدا تێدهپهرێ. مهیدانهکانی خهباتی پێشمهرگایهتی زۆر له جاران بهربڵاوترن، کاتی ئهوه هاتووه که ههر تاکێکی نیشتمانپهروهری کورد به شێوهیهک له شێوهکان پێشمهرگه بێت وههر بسته خاکێکی ئهم جیهانه سهنگهرێکی بەرگری له مافهکانمان بێت.
دواتر بەڕێز “د.کوێستان گادانی” باسێکی مێژوویی لەسەر نەمانی دەسەڵاتی پەهلەوی و هەلومەرجی رەخساو بۆ هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و هەروەها رۆژی پێشمەرگەی کوردستان پێشکەشکرد.
هەروەها بەڕێز گادانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب ئاڵای کوردستانی بە رەمزی هەرمانی نەتەوەیی زانی و هیوای خواست کە ئێمە لە شێوەی بەکارهێنانی ئاڵادا سەرنجی زیاترمان هەبێ و هەمیشە وەک سەروەرییەک چاوی لێ بکەین و شەکاوەی رابگرین. بەتایبەتی لە تاراوگە دا دەبێ بەرەکانی دواتر فێری هێما و رەمزەکانی ئاڵای کوردستان بکەین و ئاواتی خواست کە رۆژێک هەرچوارپارچەی کوردستان لە یەک ئاڵا کەڵک وەربگرن.
سەبارەت بە پێناسەی پیشمەرگە بەڕێز گادانی گوتی: “هەر ئەوەی کە ماوەی ٧٥ ساڵە پێشمەرگە هەر لە دەورانی کۆمارەوە تا بزووتنەوەی ٤٦ ـ ٤٧ و تا ئێستا لە بەرامبەر داگیرکەراندا راوەستاوە و خەباتی ئازادیخوازانەی لە رەهەندی جۆراجۆر وەک خەباتی چەکدارانە، مەدەنی، فەرهەنگی و جۆرەکانی دیکە درێژە پێداوە، ئەو ئازایەتی و فیداکارییانەمان بۆ دەردەخا.
و ناوبانگی پێشمەرگە نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە دنیای دەرەوەش دا کە وەک قارەمانێک لە دژی تێرۆر و کۆنەپەرستی و بە هێزێکی رزگاریدەر و ئازادیخوازی وەسفی دەکەن وهیوای خواست کە لە داهاتوودا پێشمەرگە وەک سوپا و هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دامەزرێ
لە کۆتایی وێبینارەکەدا، دوایی پێشکەشکردنی پارچە شێعرێکی نیشتمانی، بەشداران بە را و بۆچوون و پرسیاری خۆیان وێبینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.













