لە هەندێک لە شارەکانی ئێران کرێکارانی شارەوانی بە هۆی پێنەدانی مووچەی مانگانەیان ناڕەزایەتییان دەبڕی و داوا لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەکەن کە بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن.
بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، کریکارانی شارەوانی خوڕەمشار و کرێکارانی پرۆژەکانی پێترۆشیمی “مرواریدی عەسەلوویە” و کرێکارانی شارەوانی ئومیدییە و بێهبەهان و هەندێک شار و ناوچەکانی دیکەش، چەند مانگێکە کە مووچەیان وەرنەگرتووە.
ماڵپەڕی هێرانا لە زاری “ئیلنا”وە رایگەیاند کە، کرێکارانی شارەوانی خوڕەمشار ماوەی ٣ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و لە بەشی خزمەتگوزاریی شارەوانیی ئەو شارەدا کار دەکەن.
ئەو کرێکارانە دەڵێن: بەرپرسانی شارەوانی و شۆرای شاری خوڕەمشار هیچ گرینگییەک بە بارودۆخی ژیانی ئێمە نادەن کە بەهۆی هەژارییەوە لە دۆخێکی خراپدا دەژین و بە دەم هیچ داواکارییەکمانەوە نایەن.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە شارەوانی یاسووج، هۆکاری کێشەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ نەزانکاری بەڕێوەرانی پێشوو و شارەوانی خوڕەمشاریش دەڵێ: زیاتر لە هەزار کرێکار لە شارەوانی ئەم شارەدا کار دەکەن کە مانگانە دەکاتە ٧میلیارد تمەن، کە سەرچاوەی ماڵیی دەوڵەت دەبێ مافی کرێکاران لە کاتی خۆیدا بدات.
هەروەها دواکەوتنی مووچەی کرێکارانی کۆمپانیاکانی پڕۆژەی پێترۆشیمی مرواریدی عەسەلوویەش بەهەمان شێوە نەدراوە و ئەوانیش ناڕەزاییان دەربڕێوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیلنا، کرێکارانی کۆمپانیای پڕۆژەکانی پێترۆشیمی مروارید، موچەکانیان دوا کەوتووە و لە هەمبەر پێنەدانی مووچەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و دەڵێن چەند جارە بەڵێنی درۆمان پێ دەدەن و هیچ بایەخێک بە ژیانی کرێکاران نادرێ.
جێی ئاماژەیە کە، لە چەند شار و گوندێکی دیکەی ئێران بە هەمان شێوە، بەهۆی پێنەدانی مووچەی کرێکارانی شارەوانی و کۆمپانیا دەوڵەتییەکان، ناڕەزایەتییان دەربرێوە و دەڵێن: کێشەکەمان تەنیا پێنەدانی مووچە نیە، بەڵکوو پارەی بیمەکەشمان بۆ نادەن.