لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کەس لە شارەکانی دیواندەرە، سنە و کامیاران لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، “کامران ساختمانگەر” چالاکی کرێکاری لەلایەن لقی چواری دادگای شۆڕشی سنە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بانگهێشت کرا.
ناوبراو بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم و چالاکی بەدژی رێژیم بە ٥ ساڵ بەندکران حوکم دراوە.
لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران کە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو، سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا “ڕۆستەم ئیبراهیمی” تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی “تەختی زەنگی” سەر بە شاری کامیاران، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی، بە ١٠ مانگ بەندکران حوکم درا.
ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری و بانگەشە بۆ حیزبێکی کوردستانی ئەم سزایەی بە سەردا سەپاوە.
ڕۆستەم ئیبراهیمی، سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش بیست ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتیی و تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
هەروەها ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەز، هاووڵاتییەک بە ناوی “ئارام ئیسماعیلی” تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیارگوازرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕاگەیاند کە ئەو هێزانە بەبێ هیچ بەلگەی قەزایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئارام ئیسماعیلی و دەسبەسەریان کردووە و تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەر کردن و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.