وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، گرووپی بەحرەینیی” سەرایا موختار”ی بە تاوانی پێوەندی لەگەڵ ئێران و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی، خستە لیستی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەوە.
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا نووسی:” بە گەمارۆ خستنە سەر سەرایا موختار، پەیامێکی بەهێزمان بە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە ئیزن نادەین گرووپە بریکارەکانی ببەنە هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی بەحرەین و فەرمانبەرانی ئەمریکایی جێگیر لەم وڵاتە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد سەرایا مۆختار گرووپێکی شیعەی بەحرەینە کە بە پێی زانیارییەکان سپای پاسداران پشتیوانی ماڵی و لۆجستیکیی لەو گرووپە دەکا.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە خەریکی نانەوەی ئاژاوە و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و جیهانە و بە دروستکردنی گرووپ و میلیشیا تێرۆریستییەکان و بە پشیتیوانیکردنی ماڵیی لەو گورووپانە، ئاسایشی ئەو ناوچانەی خستۆتە مەترسییەوە و بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهاندا ناسێندراوە.